کوردپرێس:
نزیکەی 3 دەیە بە سەر ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی کوردەکانی عێراقدا تێدەپەڕێت. ئێستا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە پێگەی کورد لە عێراق تا چەند بەرز بۆتەوە؟ ئایا گەشەی ئابووری و سیاسی لە هەرێمدا دەبینرێت یان خەیر کورد بەرەو دوا ڕۆشتووە؟ هەرێمی کوردستان تا ساڵی 2014 کە بە شێوەی سەربەخۆ دەستی بە فرۆشتنی نەوت کرد، ڕێژەیێکی زۆر لە بودجەی عێراقی پێدەگەیشت. بەڵام ڕوئیای کورد بۆ سەربەخۆبوونی تەواو، وای کرد ئەو بودجەیە ببڕدرێت. پاشانیش گوشاری هێرشەکانی داعش و قەیرانی دارایی وای کرد هەرێم تا لێواری ڕووخان بڕوات. بەڵام بە گشتی ئەو ڕیفراندۆمەی، کورد لە 2017دا کردی قورسترین لێکەوتەی بۆ کوردەکان بەدوادا هات و بووە هۆی ئەوەی کورد کۆنتڕۆڵی شاری نەوتخێزی کەرکووک و دیکەی ناوچە جێناکۆکەکان لە دەست بدات. ئەگەرچی ئێستا کوردی عێراق بەراورد بە 2017 لە دۆخێکی باشتردایە و ئەو قەیرانە قووڵە بەو شێوەیە نەماوە بەڵام ئێستاش بەغدا و هەولێر لەسەر دوو مەلەفی سەرەکیی بودجە و نەوت نەگەشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی و دوور نیە دۆخە شڵەژاوەکەی عێراق شوێندانەریی لە سەر هەرێمی کوردستانیش ببێت. لە لایێکی دیکەوە تورکیا بە بیانووی شەڕی دژبە پەکەکە تا قووڵاییی 30 کیلۆمەتر هاتۆتە خاکی کوردستانی عێراقەوە و هێزی جێگیر کردووە و کۆی ئەم بابەتانە پرسیار و نیگەرانی دروست دەکات و داڵغەکە ئەمەیە کە کورد خاوەنی چ پێگەیێکە و بەرەو کوێ دەڕوات. ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بە مەبەستی تاوتوێ کردنی ئەم بابەتە دیمانەیێکی لەگەڵ دوکتۆر پاتریک جەیمز کردووە کە مامۆستای زانکۆی کالیفڕۆنیای باشوورە لە ئەمریکا.
دەقی دیمانەکە لێرەوە بخوێنەوە:
پێگەی کورد لە هەیکەلیەتی سیاسی و پشکی دەسەڵات و بڕیاردان لە عێراق
دوکتور پاتریک جەیمز مامۆستای زانکۆی کالیفۆڕنیای باشوور لە ئەمریکا بڕوای وایە تا پێش ساڵی 2017 کە ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان نەکرابوو کورد دەورێکی گرینگی لە قەراری عێراقی و پێکهاتەی دەسەڵات و سیاسەت لە عێراق دەبینی بەڵام لە پاش ڕیفراندۆمەوە دۆخەکە بۆ کورد دژوارتر بووە.
سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی نێودەوڵەتیی زانکۆی کالیفۆڕنیای باشوور هەروەهاش بە کوردپرێسی وت: "دۆخەکە بۆ کوردی عێراق ئێستا دژوارترە و هەوڵەکانی کوردی عێراق بۆ گەیشتن بە کیانی سەربەخۆ سەری نەگرت و ئەنجامی باشی نەبوو."
ناوبراو لەو قەناعەتەدایە هەرێمی کوردستان لە باری ئابوورییەوە وابەستەیە بە تورکیا هەر بۆیەش لە دوای ڕیفراندۆمەوە، تورکیا ڕیفراندۆمەکەی 2017ی کرد بە کارتی گوشار و دژی هەرێم بەکاری دەهێنێت. بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان لە تورکیاوە تێدەپەڕێت و هەر ئەمەش بۆتە کارتێکی گوشاری تورکیا بۆ سەر هەرێم.
ئەو مامۆستایەی زانکۆی کالیفۆڕنیای باشوور دەشڵێت بەم دۆخەوە کە کوردی هەرێمی تێکەوتووە دوور نیە هەرێمی کوردستان هەوڵ بدات لەگەڵ کوردەکانی سووریا بگاتە ڕێککەوتن و بەرەیێکی هاودەنگ لەگەڵ کوردی سووریا پێکبهێنێت بەڵام لە بەر ڕۆشناییی ئەو دژایەتییەی تورکیا لەگەڵ کوردی سووریا دەیکات و لە لایێکی دیکەشەوە هەرێمی کوردستان لە مەسەلەی ناردن و فرۆشتنی نەوتدا وابەستەیە بە تورکیا، ڕێککەوتنی کوردی هەرێم و کوردی سووریا شتێکی زەحمەت دەبێت. بۆیە کوردی هەرێمی کوردستان ناتوانێت بەو ئاسانییە لەو قەیرانە دەرباز بێت.
ناوبراو لەبارەی دەرەچەی دەربازبوونی کوردەکانی هەرێم لە دۆخی شڵەژاوی ئێستا بە کوردپرێسی وت: هەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕوئیای سەربەخۆیی وەلا بنێت و بەرەو سیستەمی کۆنفیدراڵی لە عێراق هەنگاو بنێت بەڵام لە ئێستادا ئەوەش زەحمەتە.
سیستەمی حکومڕانی لە عێراق
پرسیاری ئەوەش لە پڕۆفیسۆر پاتریک جەیمز کرا کە لە شەقامی عێراقییەوە داوای گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی دەکرێت ئایا چ سیستەمێکی حکومڕانیی گونجا بەدی دەکرێت بۆ عێراق؟ سەرۆکی کۆلیژی زانست و هونەری دورنسیف لە زانکۆی کالیفۆڕنیای باشوور لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا بە کوردپرێسی وت: " جێگیرکردنی لامەرکەزییەت و کۆنفدراڵیزم بۆ ئیدارەکردنی عێراق و دابین کردنی ئاسایش و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان دەرەچەیێکی باشە. هەڵبەت ئەوەش بەندە بە دەوربینی ئەمریکاوە. ئەگەر ئەمریکا تەداخولی ئەم بابەتە بکات سیاسەتی ناوخۆی واشەنتن لەو بارەیەوە دێتە ئاراوە. دەزانین کە لایەنگران و پشتیوانانی دۆناڵد ترەمپ ڕەشبینن لە تێوەگلانی دەوڵەتەکەی ناوبراو بە کاروباری دەرەوە. تەقریبەن دەتوانین بڵێین نابێت چاوەڕوانی ئەوە بین کە دۆناڵد ترەمپ لەم بابەتەدا بە کرداری تەداخول بکات. بۆیە ترەمپ دانووستانی ماوەدار لە سەر گۆڕینی سیستەمی سیاسیی عێراق ناکات."
تەداخولەکانی ئەمریکا چ دەورێک دەبینێت لە مەسەلەی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق؟
دوکتور پاتریک جەیمز دەڵێت یەک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناسەقامگیریی عێراق دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی لە کاروباری عێراقە. ناوبراو بە کوردپرێسی وتووە: "من لەو قەناعەتەدام کە دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری عێراق، لە دەوروبەری ئەو وڵاتەوە و هەروەهاش لە ئەمریکاوە ئەنجام دەبێت و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی ئەمریکا. سیاسەتەکانی واشنەتن لە سەر بنەمای فەکتە سیاسییەکان دامەزراوە."
کورد چ دەورێک دەبینێت لە پڕۆسەی چاکسازیی عێراق و هەرێمی کوردستان؟
پرسیاری ئەوەی لە پاتریک جەیمز کرا کە کورد چۆن دەتوانێت یارمەتیی چاکبوونەوەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بدات؟ ناوبراو لە وەڵامدا بە کوردپرێسی وت: وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە زۆر زەحمەتە. سەقامگیری و ئاسایش لە عێراق پێویستی بە هاوکاری و کۆدەنگیی هەموو پێکهاتە و لایەنەکانی عێراق هەیە بەڵام دەستەبەرکردنی ئەم کۆدەنگییە زۆر زەحمەت دەبێت."
مامۆستای زانکۆی کالیفۆڕنیای باشوور بڕوای وایە کێشەی سەرەکیی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بەستراوە بە بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێزی وەک ئەمریکا و ڕووسیا و وڵاتانێک وەک تورکیا چوونکە ئەو وڵاتانە هەوڵ دەدەن بەستێنێک فەراهەم بکەن کە لە عێراقدا زیاترین بەرژەوەندی و قازانجیان دەست بکەوێت.
دوکتور پاتریک جەیمز لە کۆتاییدا تیشکی خستە سەر لەمپەری سەرەکیی یەکگرتنی کورد و شیعە و سونەی عێراق و گوتیشی: "میراتی شەڕی ناوخۆ و ڕکابەری و ململانێی دەرەکی لە سەر ئاستی هەژموونیی وڵاتانی دەرەوە لە عێراق بۆتە هۆکاری سەرەکیی ئەم یەکنەگرتنە. سێبەری ڕابردووی عێراق ئێستاش بە سەر ساحەی سیاسیی ئەو وڵاتەوەیە."
Your Comment