بەپێی هەواڵی کوردپرێس حیشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە پەرلەمانتارێکی ئێران لەو بارەیەوە گوتوویەتی هێشتاکە کانێکسەکان بە ڕێژەی پێویست ڕادەست نەکراون و زۆرینەی لێقۆماوانی ئیسلامئاوا و داڵەهۆ لە خێوەتدان و تا ئێستاش بەڵێنەکانی دەوڵەت لەوبارەیەوە جێ­بەجێ نەکراوە.
ناوبراو سەبارەت بە پێدانی قەرزی بانکی لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ لێقۆماوانیش وتی: دەوڵەت لەو بارەیەوە کەمتەرخەمە. دەبوو لەبارەی کات و شێوازی پێدانی قەرزەکانەوە گۆڕانکاری لە ناوچەی لێقۆماودا بکرایە بەڵام دەبینرێت هەندێک لە بانکەکان ئەو گۆڕانکارییانەیان کردوووە و هەندێکیان نەیان­کردوووە و لەو باریەوە خەمساردی دەنوێنن.
ئەو ئەندامەی پەرلەمان زیادی کرد: بابەتێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ زیانی دارایی و فەوتانی کەل و پەلی نێو ماڵی لێقۆماوان. لەو ماڵانەدا کە بەشێک لە ماڵەکە ڕووخاوە بەرپرسان کەمتەرخەمن و بەڵێنەکان جێ­بەجێ ناکەن. بڕیار بوو بڕی دوو ملوێن تمەنی بەرانبەر و دەملوێن تمەن قەرزی بانکی بۆ کڕینی کەل و پەلی نێوماڵ بە لێقۆماوان بدرێت بەڵام تا ئێستا دەوترێت ئەو بڕە یارمەتی و قەرزە بۆ ئەو ماڵانەیە کە بەتەواوەتی ڕووخاون.
فەلاحەت پیشە ئەوەشی خستە ڕوو: بەداخەوە چەندین جار بەدوادا چوونمان بۆ ئەم بابەتە کردوووە و لەو بارەیەوە چەندین جار لە پەرلەمان هۆشدارمان داوە و هەر جارەو پاش هۆشدارەکە بۆ ماوەیێکی کورت ڕەوتی خزمەتگوزاری باشتر دەبێت بەڵام پاش ماوەیێک دەچێتەوە سەر هێڵی پێشوو.
سەرچاوە: ماڵپەڕی پەڕلەمانی ئێران
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment