کوردپرێس: لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق دەری کرد ئاماژەی بەوەکردووە: "لە زۆرلاوە لەسەر گەورەترین کوتلە قسەمان لەگەڵ کراوە کە پێچەوانەی یەکترن و ئەسعەد عێدانی بۆ پێکهێنانی حکوومەت راناسپێرم".
بەرهەم ساڵح لە دەقی نووسراوەکەدا دەڵێت: "لەرۆژی 23-12-2019 نووسراوی سەرۆکایەتی پەرلەمانمان پێگەیشت بەوەی هاوپەیمانێتیی بونیادنانەوە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانییە و ئەو هاوپەیمانێتیەش بە نووسراوێک داوای کردووە ئەسعەد عیدانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران رابسپێردرێت، لەگەڵ ئەوەی دەستمان بە دەقە دەستووریەکانەوەیە، کە دەسەڵاتی یەکەمە لە ئیدارەدانی دەوڵەتدا، دەمەوێت ئاماژە بەوەبدەم بەرپرسیارێتی نیشتمانیم لەم بارودۆخەی ئێستادا و ئەوەی خۆپیشاندانە رەواکانی گەلی عێراق سەپاندویەتی، ئەوەیە سەیری بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی بکەم پێش ئەوەی تەماشای بابەتە شەخسی و سیاسییەکان بکەم، بەرژەوەندی باڵای وڵات کە سوێندم خواردوە بیپارێزم لەکاتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماردا ئەمڕۆ ئەوەیە پشتگیری لێکتێگەیشتن دەربارەی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو بکەم، کە پێویستە هۆکاربێت بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و وەڵامدانەوەی ئیرادەی گەلی عیراق بێت، کە سەرچاوەی شەرعیەتی هەموو دەسەڵاتەکانن".
سەرۆک کۆماری عیراق وتووشیەتی، چەندین نووسراو دەربارەی گەورەترین فراکسیۆن گەیشتوەتە سەرۆکایەتی کۆمار، کە پێچەوانەی یەکترن و لە رۆژی 16-12-2019 نووسینگەی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان نووسراوێکی ناردوە، کە تێیدا دەڵێت ئەو هاوپەیمانێتیە سیاسییە 16ییەی لە نووسراوەکەدا هاتووە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانین لەسەر ئەو بنەمایەش عادل عەبدولمەهدی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران راسپێردرابوو، بەڵام رۆژی 23-9-2019 نووسراوێکی دیکە نێردرابوو باس لەوەدەکات هاوپەیمانێتیی بنیادنانەوە گەورەترین فراکسیۆنە، بەڵام نووسراوەکە مێژوەکەی بۆ 16-9-2018 دەگەڕێتەوە، کە لەو رۆژەدا نەنێردراوە، دوای ناردنی ئەو تێبینیانە سەرۆکی پەرلەمان لە 23-12-2019 نووسراوێکی نارد تێیدا هاتووە "بەئاماژەدان بەو نووسراوەی لە 16-9-2018 نێردراوە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانیی هاوپەیمانێتیی بونیادنانەوەیە، ئەوەش پێچەوانەی ئەو نووسراوەیە، کە لە 16-12-2019 نێردراوە".
بەرهەم ساڵح روونیشی کردوەتەوە، چەندین گفتوگۆ و دانیشتنیان لەگەڵ چەندین لایەن و رێکخراو و لایەنە سیاسییەکان کردووە بۆ زانینی تایبەتمەندیەکانی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو هەروەها 174 پەرلەمانتار بە واژۆوە تایبەتمەندیەکانی سەرۆک وەزیرانی داهاتوویان ناردووە سەرەڕای ئەوەش بەرپرسیارێتیی سەرۆک کۆمار بەرامبەر گەلەکەی و سەقامگیری وڵات و ئاشتی لەبەرچاودەگرین ئەوەش بە سووربوونمان بۆ پاراستنی خوێن و ئاشتی ناوخۆیی، لەگەڵ ئەوپەڕی رێزمان بۆ بەڕێز ئەسعەد عیدانی داوای لێبووردن دەکەین لەپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لەسەر پشکی هاوپەیمانی بنیادنانەوە.
سەرۆک کۆماری عێراق روونیشی کردوەتەوە: لەچوارچێوەی ئەرکەکانم کە پاراستنی دەستوورە پێویستە باس لەوەبکەین کە مادەی 67 سەرۆک کۆمار پابەند دەکات بە پاراستنی سەربەخۆیی و سەروەری و یەکگرتویی و ئاشتیی خاکی عێراق، هەروەها مادەی 76 سەرۆک کۆمار ناچار دەکات بە راسپاردنی کاندیدی گەورەترین فراکسیۆن بۆ پێکهێنانی حکوومەت ئەوەش بەبێ ئەوەی مافی رەتکردنەوەی هەبێت، ئەوەی لەم بارودۆخی رەتکردنەوەی کاندیدەدا روودەدات پێشێل کردنی دەستوورە، بۆیە دەستلەکارکێشانەوەی خۆم پێشکەش بە پەرلەمان دەکەم، بۆئەوەی پەرلەمانتاران لەچوارچێوەی بەرپرسارێتییەکەیان، کە نوێنەری گەلن، ئەوەی پێیان باشە بڕیاری لێبدەن، بەدڵنیاییەوە پۆستێک خێری تێدا نییە ئەگەر لە خزمەتی خەڵکدا نەبێت و مافەکانیان نەپارێزێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment