بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێش نووسی 50مادەیی کۆمیسیۆنی داد وەکوو یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕۆژی چوارشەممە 18ی دیسمبێری 2019 لە لایەن نوێنەرانی پەرلەمانەوە تاوتوێ کرا و دەنگی ئەرێنییان بە 14 مادەی یاساکە، بەم حاڵەشەوە نەیانتوانی دەنگ لەسەر مادەکانی دیکە بدەن و هەموو یاساکە پەسەند بکەن.
دواکەوتنی دەنگدان لەسەر مادەکانی 15و 16 یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان بوو. تاوەکو ئێستا ماددەی 15 و 16 لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران جێگەی ناکۆکین و لایەنەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. کورد سوورە لەسەر ئەوەی "بازنەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی پارێزگاکان یەک بازنە بێت. نەک فرەبازنە". هەروەها "بەربژێرکردنیش لەسەر ئاستی لیست بێت نەک تاک". بۆیە کوردەکان هاوڕێ لەگەڵ ژمارەیێک ئەندامانی فراکسیۆنی سونەی هێزی عێراقی دانیشتنەکەیان بەجێهێشت بۆیەش دەنگدانەکە تەواونەکرا و کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ رۆژی دووشەممە دواخرا.
ئەحمەدی حاجی ڕەشید نوێنەری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق چاکسازیی ئەم یاسایە دەڵێت: بەبڕوای من ئەم یاسایەی کە ئێستە کێشەی دروست کردوە و هێزە کوردیەکانی یەک هەڵوێست کردووە هیچ کەس و هێزێکی سیاسی توێژینەوەی وردی لەسەر نەکردووە تابزانێت باشە یان خراپ تەنها دراسەی ئەوە کراوە کە چەند زیانی بۆ هێزەکەی ئەو هەیە، بەڵام بەشێوەیێکی گشتی ئەم یاسایە دوای زانینی پشتگیرانی فرە بازنەیی و یەک بازنەیی بۆت دەردەکەوێت سێ بابەتی سەرەکی لەپشت ئەم یاسای فرەبازنەوە هەیە:
یەکەم: لەبەر ئەوەی لە عێراقدا حیزبی سیاسی دوای رووخانی ڕژێمی پێشوو زۆر کەم بوون تەنها لەناو سونەکاندا حیزبی ئیسلامی و لەناو شیعەکانیشدا حیزبی دەعوە هەبوو بۆیە پەنایان برد بۆ دروستکردنی لایەنی کیانی سیاسی بەو شێوەیە بەشداری هەڵبژاردنیان کرد و لە ئەنجامدا هەموو هەڵبژاردنێک زیاتر لە ۲٠٠ کیانی سیاسی بەشدار دەبوون نزیکەی ٤٠ کیانیان لە کورسیێکەوە تا چەند کورسیێکی بەدەست دەهێنا و دەکەوتنە دانوستان بۆ پێکهێنانی حکوومەت و دواجار لەبەر ئەوەی ئەم کیانانە تەنها بۆکاتی هەڵبژاردن بوو بۆیە هیچ جۆرە بەرپرسیاریتیێکیان بەرانبەر بەهاوڵاتیان نەدەبوو تەنها لە بەش کردنی کێکی حکوومەتدا شەریک دەبوون و ئەمەش وایکرد لەبری هێزی سیاسی لە عێراقدا کە خاوەنی بەرنامە و پرەنسیپی حیزبی بن دەیان دووکانی سیاسی دروست بوون هەرجارە و بەناویکەوە خۆیان نمایش کرد ،ئەوەش عێراقی گەیاندە گەندەڵترین وڵات لە ناوچەکەدا.
لەئیستادا لەدەرەوەی سیستەمی سیاسی عێراق بیرکرایەوە کەچۆن ئەم دووکانە سیاسیانە کەم بکەنەوە بۆ ئەو مەبەستە ئەم سیستەمەی کە لە بەریتانیا بەڕێوە دەچێت وای کردووە کە جگە لە دوو هیزی گەورەی پارتی پاریزگارانی و پارتی کریکاران بەشێکی کەمی لەیبەرەکان کەسی دیکە نەتوانێت لە پەرلەمانی بەریتانیادا نوێنەری هەبیت ئەوەی نوێنەری وێلز و سکۆتلەندیەکانیشە وەک هەرێمی کوردستان هەندێک پارتی سیاسی لەمەو دوا نوێنەریان دەبێت مەگەر پارتە بچووکەکان بەهەموویان بە یەک کوتلە دابەزن لە هەڵبژاردنەکاندا بۆیە دەبێت ئەوەمان لا ڕوون بێت ئەم فرە بازنەییە لە خۆە نەهاتووە و بەهەرشێوەیێکیش بێت دەیچەسپێنن.
بۆیە زەروورە بیر لەوە بکریتەوە هیزە سیاسیە بچووکەکان چۆن بەشدار دەبن و لە کوێدا بەشدار دەبن .
دووەم: پێک هێنانی حکوومەت و ڕێکەوتن لەسەر بابەتەکان بەهۆی زۆریی گرووپەکانە ڕێکەوتن تیاندا زۆر ئەستەم بووەتەوە بەبەڵگەی ئەوەی لە ۲٠۱٠ بەتەفسیری نادروست حکوومەت دروست دەبێت بۆ چارەسەری ئەم بابەتەش ئەم یاسایە هیزە بەشدارەکان واکەم دەکاتەوە کە ڕێکەوتن زۆر ئاسانتر بێت لەجاران بۆنموونە دەبێت هەرکەس خۆی کاندید بکات بەفەردی ٥٠٠ واژوو بهێنێت کەئەمە زۆر زەحمەتە بۆ کەسێک کە هێزێکی سیاسی یان دەزگایێکی میدیایی گەورە پاڵپشتی نەکات یان خاوەنی پێگەی گەورەی تایفە و تیرەی گەورە نەبێت .
سێ هەم: وەک دراسە کراوە ئەم یاسایە دەبێتە هۆی گەرانەوەی لاسەنگیێک کە یاساکانی پێشوو دروستیان کردبوو بۆ نموونە کورد٥۸ کورسی و سوننە ۷٠ کورسی و شیعە ۲٠۱ کورسی کەواتە بەکورد و سونەوە دەتوانن ٤٠٪ نوێنەرانی پەرلەمان پێک بهێنن بۆیە شیعە هەمیشە دەتوانێت بۆ تیپەراندن پێویستی بەکەس نەبێت، لە جێبەجێ کردنی ئەم یاسایە سونەکان باڵانسیان بەرز دەبێتەوە بۆ زیاتر لە ۹٠ کورسی وەک خۆیان دەڵێن و کورد و کەمایەتیەکانیش نزیک دەبنەوەلە ۷٠ کورسیێک بۆیە هەرسێ پیکهاتەکە تاسازش نەکەن بۆ یەکتری ناتوانن حکوومەت پێک بهێنن بەتایبەتی شیعەکان بۆیە هەمیشە لە ناوپەرلەماندا هێزەکان تەوازنیان بۆ دەگەڕێتەوە و بارودۆخی عێراق بەرەو سەقامگیری دەڕوات .
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەگەر یاساکە لەبەرژەوەندی پارتی و یەکێتیە وەک دوو هێزی گەورە ئەی بۆ ئەوان ڕێگرن؟ دەکرێت بڵێن ئەو دو وپارتە بەتوازن لە کوردستان دابەش نەبوون .
بەشی دووەمیان پەیوەندی بەهێزە بچووکەکانی کوردستانەوە هەیە کە ناچاریان دەکات بەرەو تەکەتولێک بڕۆن کە لە بەرژەوەندی ئەو دوو هێزە نییە .بۆیە دەبێت هیزە سیاسیەکان توێژینەوەیان بکردایە تابتوانن بڕیاری تەندروست بدەن.
Your Comment