کوردپرێس:
هاشم ئەحمەد سەراج نووسەر و شاعیر و توێژەر و ڕووناکبیری کورد بە شێعر و ڕەخنەکانیەوە ناسراوە و یەک لەو شاعیرانەی سەردەمە کە بە نووسینەکانی لە بواری فەلسەفەی هونەر و ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبی و نووسینی کۆمەڵناسانە ناسراوە و بوون و مەرگ و دنیابینیی شاعیرانە لە شێعر و نووسراوەکانیدا بە زەقی ڕەنگی داوەتەوە. هاشم سەڕاج بە خوێندنەوە و نووسین و چالاکی دەردەکەوێت و ساڵانە پڕۆژەی شیعریی هەیە، دەخوێنێتەوە و دەنووسێت، دەقەكان ڕۆژانە لە فەیسبووك بڵاو دەکاتەوە. خۆی دەڵێت ئێستا شەش پڕۆژەی ساڵانەی شیعریم ئامادەیە بۆ چاپ، زیاتر شیعری ئیستاتیكی و هزری و فەلسەفین، تا ئێستا بیرم لەوە نەكردووەتەوە بە چاپیان بگەیەنم، حەز ناكەم، بەڵام بۆ برادەرە نزیكەكانم ناردوون تا لە لایان بپارێزرێن و نەفەوتێن، ئێستا لە پڕۆژەی 2019دا كار دەكەم بە ناوی (شیعر و لۆگۆس)، ئەمەیش بە هەمان شێوە تێكستەكان ڕۆژانە لە فەیسبووک بڵاو دەكەمەوە.
هاشم ئەحمەد سەراج لە ساڵی 1954 لە گەرەگی خانەقا لە هەولێر لە دایک بووە، دەرچووی کۆلێژی کارگێرڕی و ئابوورییە لە زانکۆی بەغدا، خاوەنی چەندین کتێبە، هەندێکیان ئەمانەن:
دوکەڵ بەغدا- 1983،
گۆڕستانی ئەپیکۆرۆس سلێمانی- 2000،
لالە بەدەستان هەولێر- 2001،
سروودەکانی عیشق هەولێر 2002،
زینانی ڕۆح هەولێر- 2005،
شالیس سلێمانی- 2007،
عەترو حەشیش و زەهرا هەولێر- 2008،
کتێبی زناک هەولێر- 2009.
جگە لەم کتێبانە نووسەرو شاعیر چەند کتێبێکی دیکەی ئامادەی بۆ بڵاوکردنەوە، هەروەها چەندین بابەت و لێکۆڵینەوەی ئەدەبیی بڵاو کردۆتەوە. بەشی فەرهەنگ و هونەری ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بە چەند پرسیارێک ئەو شاعیر و نووسەرە کوردەی دواندووە و تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکەش باسی گێڕانەوە و شێعر و پێگەی خوێنەر و دانەر لە دەقەکاندا بووە.
پرسیاری ئەوە لە هاشم سەراج کرا کە گێڕانەوە یان شێعر؟ کامەیان لەبەرە؟ ئەو نووسەرە کوردە لە وەڵامدا دەڵێت گێڕانەوە توخمێکی گرینگە لە جیهانی پەخشان و شێعردا.
ڕۆمانە شێعرەکان و بەتایبەتی چیرۆکە شێعرە کوردییەکانی سەردەم بۆ زیاد دەکەن؟ بە حوکمی هەمان گێڕانەوە، چیرۆکە شیعرەکان ئێجگار پەرەیان سەندووە و بە کەیفی خوێنەریشە. هەر لە کارەکانی خودی بەڕێزتاندا "حدیث نفس" و گێڕانەوە بە ڕوونی خۆ ئەنوێنێ. زۆر جار شێعر واز لە شێعربوونی دەهێنێت. زمان ئیتر مەجاز نیە بەڵام چیرۆکە شیعرەکە هەر بە شێعر ئەزانین.
هاشم ئەحمەد سەراج لەو بارەیەوە دەڵێت: من مەبەستم ڕۆمانە شێعر و چیرۆکە شێعر نیە. زیاتر جەخت لە سەر جۆرێک گێڕانەوە دەکەم کە زۆر جار لە دووتوێی دەقدا دیالۆگ و پارادۆكسی بەدوادا دێت و کۆمەڵێک هزری فەلسەفی دەدرکێنرێت و دنیابینی دەخرێتە ڕوو.بە مەرجێک کە گێڕانەوەی کورت و برووسکەیی و چرکە، کار لە توخمی شیعرگەرایی نەکات. پاشان تێکست بۆ وەرگر جێدەهێڵدرێت تاوەکوو لە ڕێگەی چێژبردن و هزر و دنیابینییەوە واتا بە تێکست ببەخشێ. هەڵبەت مەبەستم ڕۆمانە شێعر و چیرۆکە شێعر نییە کە دوو ژانری کۆن و کلاسیکین. زیاتر مەبەستم دەقی هزری و تێکستی کراوەیە کە لە دنیای تەئویلدا ئازادییێکی ڕەها بە خوێنەر دەبەخشێ تا بتوانێت دەق هەڵبوەشێنێتەوە.
تێکەڵ کردنی هزر و دنیابینی بە دوو جمگەی سەەرکیی شێعری کۆن واتا عاتیفە و خەیاڵ ئەوەش بە دیالۆگ، داکۆکییێکی پیرۆزی شاعیرانەیە لە ڕێبازی نوێکردنەوەی شێعرە نوێیەکان. تا ئێرەی حاشاهەڵنەگرە و دەلالەتە لە سەر وتەی ڕۆلان بارت و حەزی هەمیشەییی مرۆڤ لە گێڕانەوە. چ چرکەیی و چ بە وەسف و هێنانی ئێپیزۆدە یەک لە دوای یەکەکان... مرۆڤ حەزی لە کورتکردنەوە و وەرگرتنی خێرایە. بەڵام وا دەردەکەوێت مانا هەمووی لای خوێنەر نیە و دانەر نەمردووە. ئەگەرچی تەئویل دەستکراوەیی و ئازادی بە خوێنەر دەدات بەڵام ئازادیییەکەش سنوورێکی هەر دەبێت. نووسەری کورد هاشم ئەحمەد سەراج لەو بارەیەوە گوتی: کە باس لە ڕوانینی بارت دەکەین واتا وتەکەی بارتمان قبووڵ کردووە کە بانگەشەی مەرگی دانەر دەکات.
بارت باسی مەرگی دانەر دەکات بەڵام ئەی ئەگەر تۆزێک گوتارناسانە بڕوانینە دەق، کەشی کۆمەڵایەتی و مێژوویی و لانکەی هزری و عاتیفیی دانەر دەوری نابێت لە خولقاندنی مانا؟ مەبەستم ئەوەیە کە تەئویلی ڕەها و بێ سنووریش زێدەڕۆیییە. پرسیارێک کە دێتە ئاراوە ئەوەیە کە ئەم وتەیەی بارت لە خوێندنەوەی گوتارناسانەدا ڕەفز نابێتەوە؟ ئایا ئاستی خوێندەواری و ڕەگەز و تەمەن و پێگەی کۆمەڵایەتی، خۆی چوارچێوە نیە و سنوور پێناسە ناکات؟ جا چ لای خوێنەر چ لای دانەر.
هاشم ئەحمەد سەراج لەو بارەیەوە بەم شێوەیە دوا: بە ڕای من دەقئاوێزانی، کردەی سەرەکیی نووسینە. سوبژێکتیڤیتە و شێوازی ڕوانین بۆ بوون و جیهان و مەرگ و جوانی جومگە سەرەکییەکانی ستایلن. ڕۆلان بارت بڕوای ئەوەیە کە ستایلە نوێیەکان ستایلەکانی پێش خۆیان دەسڕنەوە. بۆیە دەکرێت بڵێین نووسین گەمەی ستایلەكانە بە دنیابینییێكی قووڵ و بەهێز كە سەر بە چۆنییەتیی گوتن و دەربڕینە.
هەموو شاعیر و نووسەرەکانی جیهان خاوەن گەمەی زمانیی تایبەتی خۆیانن. نووسەر و شاعیری کورد هاشم سەراج لە بارەی تایبەتمەندیی خوازراوی خۆی بە کوردپرێسی گوت: لای من شێعر زمانە و جۆرێكە لە بیركردنەوە. بۆیە تایبەتمەندیی پەسەندی من بێدەنگی و کەم­وتنە! لێرەدا مەبەست خودی زمانە كە لای ڕۆلان بارت ڕەوشێكی فاشیی هەیە و لای جاك لاكان بونیاد و پێكهاتەیێكە لە نائاگایی!
هاشم ئەحمەد سەراج وەک شاعیر و نووسەرێک ناسراوە کە زۆر کتێب و دەق و شێعر دەخوێنێتەوە و بەرهەمەکانیشی لە بەردەستی خوێنەردا گەواهی لە سەر قووڵ بوونەوەی ناوبراو لە سەر دیاردە فەلسەفی و ئەدەبی و جوانییەکانی دەق دەدەن. نزیک بوونی ئەدەبی ئێرانی و کوردی وای کردووە زۆر شاعیری کورد لەگەڵ ئەدەبی فارسی ئاشنا بن. هاشم ئەحمەد سەراج لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی وتووە: شێعرخوێندنەوە کارێکی هەمیشەییی منە. بە شێعری زۆر شاعیری جیهان بە ئەورووپی و خۆرهەڵاتییشەوە سەرسام دەبم. لە نێو شاعیرە ئێرانییەکان، شێعری فرووغ فەڕۆخزاد و سۆهراب سپێهری زۆر دەخوێنمەوە.
Your Comment