کوردپرێس: سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە پەراوێزی بەشداری كردنی لە كۆنفرانسی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لە سەر پرۆژەیاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان، كە لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، لەلێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان باسی لە هەوڵەكانی پەرلەمان كرد بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆ.
رێواز فایەق ئاماژەی بەوەدا پەسندكردنی پڕۆژەیاسای پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی یەكێكە لە ستراتیژەكانی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان، بۆیە هەر هەوڵێک بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی هەبێت، پاڵپشتی دەكەن.
ناوبراو راشیگەیاند، پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیی و ئابووری و مانەوەی كیانی كوردەوە هەیە، هەروەها پەیوەندی بە توانایێكی ئابوورییەوە هەیە، كە بەدەربێت لە نەوت.
رێواز فایەق جەختی كردەوە، ناكرێت تەنیا پشت بە كەرتی نەوت ببەسترێت، چوونكە ئەویش رۆژێک كۆتایی دێت یان ئەگەر تەواو نرخەكەی دابەزی هاوشێوەی ساڵانی رابردوو تووشی قەیران دەبین، بۆیە دەبێت ئامادەكاری بكرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment