نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە بۆریس جۆنسۆن دەكات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆكی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی لە بۆریس جۆنسن، سەرۆكی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا و سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە دەكات بەبۆنەی سەركەوتنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا.

کوردپرێس:

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی بۆریس جۆنسن كرد و رایگەیاند " ئەم سەركەو‌تنە گەورەیە و بەدەستهێنانی متمانەی گەلی بەریتانیا، نیشانەی بڕوا و پشتگیریی گەلەكەتانە لە سەركردایەتی و روانینی خۆتان و پارتەكەتان بۆ ئێستا و داهاتووی بەریتانیا.

راشیگەیاندووە، "ئێمە لە هەرێمی كوردستان بە رێز و پێزانینەوە لە هاوكاری و پشتگیرییەكانی بەریتانیا بۆ گەلی كوردستان دەڕوانین و بە پەرۆشەوە خوازیاری پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانمانین".

لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی بەریتانیا پارتی پارێزگاران بە سەركردایەتی بۆریس جۆنسۆن توانی 368 كورسی لە كۆی 650 كورسی مسۆگەر بكات، بەمەش دەتوانێت بە تەنها حكوومەت پێكبهێنێت.

پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتاییی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی بەریتانیا پارتەکەی بۆریس جانسن بە زۆرینەی دەنگ سەرکەوتنی بە دەست هێنا و دوو كورد لە هەڵبژاردنەكەی دوێنێی بریتانیا كە یەكیان خەڵكی هەرێمی كوردستان و ئەوی دیكە خەڵكی كوردستانی تورکیایە، توانیان دەنگی پێویست بەدەست بهێنن و ببنە ئەندامی پەرلەمانی ئەو وڵاتە.

فریاڵ کلارک، كە کوردێکی کوردستانی تورکیایە توانیی بە بەدەستهێنانی 23 هەزارو 240 دەنگ، سەركەوتن بەدەست بهێنێت و ببێتە ئەندامی پەرلەمان، هاوكات نەدیم زەهاوی كە كوردێكی هەرێمی كوردستانە و خەڵكی خانەقینە، بە بەدەستهێنانی 33 هەزارو 343 دەنگ توانیی سەركەوتن بەدەست بهێنێت و ببێتە پەرلەمانتاری بریتانیا.

هەر لەو هەڵبژاردنەدا دو كوردی دیكە بەشدارییان كردبوو، ئیبراهیم دوگوز كە كوردێكی خەڵكی كوردستانی تورکیایە و پێشبینی دەكرا سەركەوتن بەدەست بهێنێت، توانیی 15 هەزارو 211 دەنگ بەدەست بهێنێت بەڵام چانسی سەركەوتنی بۆ پەرلەمانی بریتانیا بەدەست نەهێنا، هاوكات كوردێکی كوردستانی ئێران بەناوی کاوە بەھەشتی زادە بەبەدەستهێنانی 7 هەزارو 749 دەنگ چانسی سەركەوتنی بۆ پەرلەمانی بریتانیا نەبوو.

News Code 96860

Your Comment

You are replying to: .
captcha