کوردپرێس:
پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتاییی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی بەریتانیا پارتەکەی بۆریس جانسن بە زۆرینەی دەنگ سەرکەوتنی بە دەست هێنا و دوو كورد لە هەڵبژاردنەكەی دوێنێی بریتانیا كە یەكیان خەڵكی هەرێمی كوردستان و ئەوی دیكە خەڵكی كوردستانی تورکیایە، توانیان دەنگی پێویست بەدەست بهێنن و ببنە ئەندامی پەرلەمانی ئەو وڵاتە.
فریاڵ کلارک، كە کوردێکی کوردستانی تورکیایە توانیی بە بەدەستهێنانی 23 هەزارو 240 دەنگ، سەركەوتن بەدەست بهێنێت و ببێتە ئەندامی پەرلەمان، هاوكات نەدیم زەهاوی كە كوردێكی هەرێمی كوردستانە و خەڵكی خانەقینە، بە بەدەستهێنانی 33 هەزارو 343 دەنگ توانیی سەركەوتن بەدەست بهێنێت و ببێتە پەرلەمانتاری بریتانیا.
هەر لەو هەڵبژاردنەدا دو كوردی دیكە بەشدارییان كردبوو، ئیبراهیم دوگوز كە كوردێكی خەڵكی كوردستانی تورکیایە و پێشبینی دەكرا سەركەوتن بەدەست بهێنێت، توانیی 15 هەزارو 211 دەنگ بەدەست بهێنێت بەڵام چانسی سەركەوتنی بۆ پەرلەمانی بریتانیا بەدەست نەهێنا، هاوكات كوردێکی كوردستانی ئێران بەناوی کاوە بەھەشتی زادە بەبەدەستهێنانی 7 هەزارو 749 دەنگ چانسی سەركەوتنی بۆ پەرلەمانی بریتانیا نەبوو.
یەک لەو دوو کوردەی دەنگیان بە دەست هێنا لە پارتەکەی جۆنسن بوون.
پارتی پارێزگارانی بریتانیا کە بۆریس جۆنسن سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە سەرۆكایەتیی دەكات لەهەڵبژاردنە گشتییەکەی دوێنێی ئەو وڵاتەدا، لەسەدا 67.3٪ی دەنگی بەشداربووانی بەدەستهێناوە کە زۆرینەی رەهای هەڵبژاردنەکەیە و بەوهۆیەشەوە بووە خاوەنی 368 کورسی پەرلەمانی و توانی سەركەوتن بەسەر جێرمی كۆربینی سەرۆکی پارتی کرێکاران و رکابەری سەرەکی جۆنسن بەدەست بهێنێت كە تەنها 199 کورسی پەرلەمانی بەدەست هێنا.
پەڕلەمانی بەریتانیا، كە بە (ئەنجوومەنی گشتی) ناسراوە پێكهاتووە لە 650 كورسی و لەكۆی جیاكردنەوەی دەنگی 600 بازنەی هەڵبژاردن حزبی فەرمانڕەوا (پارتی پارێزگاران) توانیویەتی زۆرینەی كورسیەكان بباتەوە و لە بەرامبەردا پارتی كار ژمارەی كورسییەكانی كەمی كردووە و ئەوەش بە گەورەترین شكست بۆ ئەو پارتە دادەنرێت لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.
Your Comment