کوردپرێس:
ڕۆژی چوارشەمە 20ی سەرماوەزی 1398 بەرانبەر بە 11ی کانوونی یەکەمی 2019 هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ چاندنی دوو ملیۆن و نیو بەڕوو لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد. ئەم هەڵمەتە لەلایەن دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بە هاوکاریی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و ژینگەپارێزانی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوامدەبێت.
لە هەڵمەتەکەدا فەرمانبەران، قوتابیان، خەڵکی ئاسایی و چالاکڤانانیش بەشدارن.
کوردستان، بەتایبەت زنجیرە چیای زاگرۆس، ژینگەی سەرەکیی جۆرەکانی بەڕووە. بە گوتەی وەزارەتی کشتوکاڵ 85%ی دارستانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕوون کە زۆر بڕینیان بۆ دابینکردنی سووتەمەنی، گەشەی شارسازی و گۆڕانکارییەکان بوونەتە بەڵای ئەو دارستانە خۆڕسکانە.
حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئامانجی هەڵمەتەکەوە ڕایگەیاند "ئەم هەڵمەتەمان بۆ ئەوە ڕاگەیاندووە چەند پەیامێک بە هاونیشتمانییان بگەیێنین کە هەموو لایەک بۆ پاراستنی دارستانەکان و زیادکردنی رووبەری سەوزایی هاوکار و هەماهەنگبن".
داری بەڕوو ئەگەر لە دوو تاوەکوو سێ ساڵی سەرەتای تەمەنی بتوانێت گەشە بکات، بەشێوەیێک لە خاکدا ڕەگ دادەکوتێت کە دەتوانێت تاوەکوو دەیان ساڵ بژی و رێگە لە ڕاماڵینی خاك بگرێت.
ئەم درەختە بە هەڵمژینی پێكهاتە زیانبەخشەکانی ناو خاک، یارمەتیی خاوێن­كردنەوەی ئاو و خاكی دەورووبەری دەدات. بەرەکەی بۆ مرۆڤ دەرمانە و پەلوپۆی بۆ ئاژەڵ ئالیکێکی گونجاوە. توێکڵەکەیشی بۆ دروستکردنی رەنگ بەکار دەهێنرێت. هەر ئەوەشە وادەکات ژینگەپارێزان نەهێڵن چیاکانی کوردستان بەبێ ئەو دارە بمێننەوە.
داربەڕوو بە یەکێک لە تەمەندرێژترین درەختەکان دادەندرێت کە تەمەنی مامناوەندیی لەنێوان 200 بۆ 400 ساڵدایە و زۆرجار داربەڕووی سەرووی هەزار ساڵیش لە چیاکانی کوردستان بینراون.
Your Comment