ئەمریکا نزیکەی 100 هەزار دۆلار بۆ ڕاهێنانی ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان تەرخان دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ستیڤن ڤەیگن كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان دەڵێت "هانی حکوومەت و كۆمەڵگەی مەدەنی دەدەین هەنگاوی گرنگ بنێن لەپێناو پەرەپێدانی ژینگەیێک، كە تێیدا رۆژنامەنووسان بتوانن ئازادانە كاری خۆیان بكەن".

کوردپرێس:

ڕۆژی چوارشەمە 11-12-2019 لەكاتی بەڕێوەچوونی پرۆگرامی پەرەپێدانی توانای رۆژنامەنووسانی پێكهاتەكان، ستیڤن ڤەیگن لە وتەیێكدا ڕایگەیاند، حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەكانی ئەمریكا بەخۆشحاڵییەوە كۆمەكی داراییی 94 هەزار دۆلاریی پێشكەش كردووە بۆ ئەو پرۆگرامە، كە 100 رۆژنامەنوس تیایدا بەشداری دەكەن.

وتیشی "ئەم كۆمەكە یارمەتیدەرە لە دڵنیابونەوەی ئەوەی رۆژنامەنوسانی پێكهاتەكان دەوڵەمەند دەكرێن بە بنەما سەرەكییەكانی كاری رۆژنامەگەری و كەرەستەی بنیادنانی پردی پتەوی پەیوەندی لەنێوان خەڵك و كۆمەڵگەو حکوومەتدا، ئەوەش ئەركی حکوومەتی ئەمریكایە و پابەنددەبین بەهاوكاری هەموولایەك تا دەنگیان ببیسترێت".

لەبارەی دۆخی رۆژنامەنووسانیشەوە، وتی "ئەمریكا باوەڕی وایە ئازادیی راگەیاندن یەكێكە لە كۆڵەكە گرنگەكانی هەر كۆمەڵگەیێكی دیموكراسی بۆ ئەوەی رۆژنامەنووسان لە كۆمەڵگەی دیموكراسیدا بتوانن بەبێ سانسۆر كار بكەن و ترسی تۆقاندن و هەراسان­كردن و هەڕەشەیان لەسەر نەبێت، هەموو رۆژنامەنووسان مافی ئەوەیان هەیە بۆچوونەكانیان ئازادانە دەرببڕن بەبێ بوونی ترسی هەڕەشە و تۆقاندن و ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەریان یاخود تۆڵەسەندنەوە و سزادانیان جا ئەگەر كاری رۆژنامەنووسان رەخنەگرتن بێ لە حکوومەت یان بۆچوونێكیان دەربڕیوە، كە لەئەنجامدا دەبێتەهۆی هێنانەكایەی کۆمەڵگەیێکی شەفافتر و زیاتر نوێنەرایتی­كراو".

كونسوڵی ئەمریكا لە وتارەكەیدا نموونەی قسەیێكی مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی هێنایەوە، كە وتوویەتی "بە پەرەپێدانی ڕاگەیاندنی ئازاد هاووڵاتییان ئازادتر دەبن و هەروەها چالاكتر و زیاتر تێكهەڵكێشی پرۆسەی دروستكردنی بڕیار دەبن. دەشتوانن باشتر لە كاری حکوومەتەكانیان بپێچنەوە".

لەكۆتاییی قسەكانیشیدا باوەڕی خۆی نیشان دا بەوەی كاتێك زانیاریی بەردەست دەبێت، كۆمەڵگە گەشە دەكات، لەو روانگەیەشەوە وتی "رێز لە رۆژنامەنووسان دەنێین، چوونکە ژیانی خۆیان بۆ پیشەكەیان تەرخان کردووە و زۆرجاریش تووشی مەترسیی گەورە دەبن ئەویش لەپێناو پەرەپێدانی شەفافیەت و بەرپرسیارێتی و دەستخستنی زانیاری".

News Code 96839

Your Comment

You are replying to: .
captcha