کوردپرێس:
بەبۆنەی رۆژی جیهانیی مافەكانی مرۆڤەوە، نووسینگەی ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پرێس كۆنفرانسێكی رێكخست و تێیدا بابەتەكانی هەماهەنگیی نێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا و ئاستی پێكەوەژیان و داتا و زانیارییەكان سەبارەت بە ڕەوشی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان خرایە ڕوو.
لەوبارەیەوە دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رۆژنامەنووسان وتی "پێشوازی لە 135 هەزار ئاوارەی مەسیحی كراوە و 360 هەزار ئاوارەی ئێزدیش تائێستا بەشی زۆریان لە هەرێمدا ماون، هەروەها ئەو 39 كەمپەی لە هەرێم هەبوون، هەموویان ماون نەك كەمیان نەكردووە، بەڵكوو زیاتریش بوون".
وتیشی "277 هەزار پەنابەری (رۆژئاوا، رۆژهەڵات و باكور) واتە پارچەكانی كوردستان لە هەرێمدا هەن بەشێكیشیان فەڵەستینین، بەپێی ئامارەكانی JCC زیاتر لە یەك ملیۆن و 37 هەزار ئاوارە لە هەرێمدا بوونیان هەیە".
هەروەها ئاماژەی بەوە كرد، كۆكردنەوەی بەڵگەكان یەكێكی دیكەیە لە هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێم و زیاتر لە دوو هەزار و 600 دۆسیەی تاوان دژی ئافرەتانی ئێزدی، مەسیحی، توركمان و شەبەك بە دۆكیومێنت كراون و 3 هەزار دۆسیەش لەژێر لێكۆڵینەوەدان.
سەبارەت بە پڕۆسەی ڕزگاركردنی ڕفێندراوانی ئێزدی-یش، دیندار زێباری رێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم باسی لەوە كرد، حكوومەت بەردەوامە لە پرۆسەكانی ڕزگاركردن و تا 18-11-2019 زیاتر لە 3 هەزار و 524 كەس ڕزگار كراون و هەزار و 200 كەسیشیان ڕەوانەی ئەڵمانیا كراون بۆ ڕاهێنانەوەی دەرونی.
سەبارەت بەگۆڕە بەكۆمەڵەكانیش وتی "لەم دواییانەدا لە گوندی كۆچۆی شنگال زیاتر لە 16 گۆڕی بەكۆمەڵ هەڵدراونەتەوە و بەپێی داتاكان زیاتر لە 71 گۆڕی بەكۆمەڵ لەو ناوچانەدا هەن، ئەوەش جگە لە گۆڕە تاكەكەسیەكان كە ژمارەیان زۆرە، هەروەها زیاتر لە 234 روفات لەو 16 گۆڕە بەكۆمەڵەی هەڵدراونەتەوە، دەرهێنراون".
Your Comment