بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بوومەلەرزەی مەرگبار و ڕووخێنەری کرماشان کە خەساری گیانی و ماڵیی زۆری لێکەوتەوە، وەکوو هەموو ڕووداوە سروشتییەکانی دیکە جگە لە کێشەی ئابووری و بینراو، پاشهاتی دەروونی قورسی بۆ سەر خەڵکی لێقەوماوی ئەو ناوچانە هەیە، کە هەندێک جار چارەسەر دەکرێن و هەندێ جاریش هەتاهەتایە دەمێننەوە.
کێشەی دەروونی، مازۆخیزم، سەرلێشێواوی و بێ هومێدی لەگەڵ ترس و دڵەڕاوکێ لە دووبارە بوونەوەی ڕووداوەکە سەرەکیترینی ئەو کێشانەن کە بنەماڵەکان و منداڵانی ناوچە بوومەلەرزە لێکەوتووەکانی کرماشان ڕووبەڕووی دەبنەوە و پێویستی خێرایان بە یامەتیی کارناسان و دەروونناسان هەیە.
لە لایێکی دیکەوە ڕوودانی پاش لەرزە و دەنگۆی بێ بنەما لەم ڕۆژانەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەستێنی بۆ سەرهەڵدان و زیادتر بوونی دڵەڕاوکێکان فەراهەم کردووە و بوەتە هۆی بێ هیوایی و ترس لە داهاتوو.
عوسمان مەحموودی دەروونناس و بەڕێوەبەری سەەنتەری ڕاوێژی «همزاد» لە جوانڕۆ، پاشهاتی نەهامەتییە سروشتییەکان هەڵدەبژێرێت و دەڵێت: هەر کات لە شوێنێک ئەم چەشنە ڕووداوانە ڕوو دەدات بە شێوازێکی بەرچاو خەڵکی لێقەوماو تووشی دڵەڕاوکێ دەبن کە بەرچاوترینی ئەو دڵەڕاوکێیە، دڵەڕاوکێی جۆری (SD)یە.
ناوبراو زیادی دەکات: هێماکانی دڵەڕاوکێی جۆری (SD) یا هەڵشێواویی پاش ڕووداو، لەم چەشنە ڕووداوە سروشتییانەدا بریتین لە بێ ئوقرەیی، نائارامی، دڵەڕاوکێ، گۆشەگیری و ... کە ئەوەش لە ترسی ڕوودانی دوبارەی ڕووداوەکەیە و لە زۆربەی کەیسەکاندا ئەو کەسەی کە لێقەوماوە ناتوانێت بە دروستی و باشی کارە ئاساییەکانی خۆی ئەنجام بدات.
ئەو دەروونناسە وەبیری هێنایەوە ئەو چەشنە هەڵشێواوییە پاش ڕووداوەکان لە منداڵاندا بەسراوە بە چۆنییەتیی پێوەندیی بنەماڵەکان لەگەڵ منداڵەکانیان. ڕووبەڕوو بوونەوەی دروست لەگەڵ ڕووداوەکان دەبێتە هۆی دابەزینی ترس لە منداڵاندا.
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment