کوردپرێس: بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ ژمارەیێک لە سەرۆکی کوتلە سیاسیەکانی بەشدار لە پەرلەمانی عێراق کۆ بووەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا بەرهەم ساڵح لەگەڵ سەرۆکی کوتلە سیاسیەکان تاووتوێی دۆخی سیاسی و ئەمنی وڵاتیان کردوە، تەئکید کراوەتەوە لەسەر گرنگیی پابەندبوون بە ماوە دەستورییەکان بۆ دیاری کردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ.
لەم بارەیەوە سەرۆک کۆمار جەختی کردوەتەوە کە پێویستە لەکاتی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێدا، رەچاوی کەسایەتی نیشتیمانی و توانا و لێوەشاوەیی بکرێـت و رەزامەندی گەلی عێراقی لەسەر بێت، بە جۆرێک سەرۆکوەزیرانی نوێ توانای هەبێت چاکسازییە داواکراوەکانی عێراقییەکان بێنێتە دی و ئامادەسازی بکات بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و پێشوەخت لە چوارچێوەی یاسایێکی هەڵبژاردنی نوێدا، کە بەجۆرێک بێت گەل بتوانن بە ئیرادەی ئازادانەی خۆیان نوێنەرەکانیان دیاریی بکەن.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا سەرۆک کۆماری عێراق بۆ کوتلە سیاسییەکانی دووپات کردۆتەوە کە پێویستە هەموو جۆرە توندوتیژییێک دژی خۆپیشاندەران بوەستێنرێت و لێپێچینەوە لە تاوانکاران و لادەرانی یاسا ئەنجام بدرێت، ئەو تێکدەرانەی کە خۆپیشاندانە ئاشیخوازەکانی خەڵک و ئاشتی گشتی و مافە دەستورییەکانی خۆپیشاندانێکی ئاشتانەی خەڵکیان قۆستۆتەوە و بەلاڕێیاندا بردووە.
هەروەک سەرۆک کۆماری عێراق دووپاتی کردۆتەوە کە پێویستە هێزە ئەمنیەکان چاودێری سەلامەتی چالاکوانانی ناوخۆپیشاندانەکان بکەن و گیانیان بپارێزن و بەدووریان بگرن لە رفاندن و راوەدونانی چەکدارە نەناسراوە تاوانکارەکان.
لە کۆتایشدا بەرهەم ساڵح تەئکیدی کردوەتەوە کە پێویستە هەمووان کار بکەین بۆ پشتیوانی کردن لە دەوڵەت و دامەزراوەکان، بە ئامانجی پاراستنی سەروەریی یاسا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment