کوردپرێس:
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "سەنتەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ راپۆرت و شرۆڤە" دەڵێت، زیاتر لە 100 هەمەری سەربازی و ژمارەیێک پارچەی کەرەستە سەربازییەکان و هاوەن و فیشەک و بێتەل دەدەنە هێزەکانی پێشمەرگە.
مایڵز کاگینز گوتیشی، جگە لەو یارمەتیدانەش، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەسەر راهێنان­کردن بە هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامن و جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، ئەو یارمەتیدان و پاڵپشتی­کردنە ماوەدرێژ دەبێت.
کاگینز تیشکی خستە سەر چاکسازی کردن لە وەزارەتی پێشمەرگەدا و گوتی، چاکسازییەکە 38 خاڵی سەرەکی لەخۆی دەگرێت و ئامانجیش لە هەنگاوەکە بریتییە لە هەبوونی هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتووی بەتوانا و گوتیشی، چاکسازییەکان لە ساڵی 2017 دەستیانپێکردووە و هەندێک کاری باشیش لەوبارەوە کراوە.
گوتەبێژەکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەش کرد، گرنگە بەلایانەوە هاوئاهەنگیی نێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە زیاد بکرێت بۆ ئەوەی گوشارەکان لەسەر رێکخراوی داعش زیاتر بن.
سەبارەت بە هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیاییی ڕووداوی ڕاگەیاندبوو، بەشێک لە هاوکارییە سەربازییەکانی هاوپەیمانان گەیشتوون و بەشێکی دیکەش لە ڕێگەدان.
Your Comment