بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە وەزارەتی بەرگریی عیراق ئاشکرای کرد: لەچوارچێوەی قۆناغی حەوتەمی ئۆپەراسیۆنی "ئیرادەی نەسڕ" لەپارێزگاکانی کەرکووک، دیالە و سەڵاحەدین 11 پێگە و سێ تونێلی رێکخراوی داعش لەناوبراون.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە وەزارەتی بەرگریی عیراق بڵاویشی کردوەتەوە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، کە لەدوێنێوە بەردەوامە، هێزە ئەمنیەکان توانیویانە چەندین ناوچە پاکبکەنەوە و پشکنین و کێوماڵیش بۆ ناوچەیێکی فراوان بکەن، کە دەکەوێتە خۆرئاوای کێڵگە نەوتیەکانی عەلاس و خۆرئاوای چیاکانی حەمرین.
روونیش کراوەتەوە، لەپرۆسەکەدا 11 پێگەی رێکخراوی داعش و سێ تونێل لەناوبراون، هەروەها دەستیش بەسەر بڕێکی زۆر کەلوپەل و پێداویستی و تەقینەوە و چەکی چەکدارەکاندا گیراوە.
لەماوەی رابردودا چالاکیەکانی چەکدارانی داعش بەتایبەتی لە پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە و سەڵاحەدین و چەندین پارێزگای تر زیادی کردوە و هێرشەکانیان بۆسەر هێزە ئەمنیەکانی عیراق زیادی کردووە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment