بۆ چارەسەر کردنی پرسی کوردی تورکیا بەدیلێک بۆ هەدەپە و ئۆجەلان نییە

بەشی جیهان- دوکتۆر تۆماس جێفری مایلی بە کوردپرێسی وت: هەر هەڵمەتێک بۆ ئاشتی لە تورکیا بە بێ ئامادەبوونی ئۆجەلان بە ئەنجام ناگات و هیچ بەدیلێک بۆ ئەو و پارتی دیموکراتیکی گەلان بۆ چارەسەر کردنی پرسی کوردەکانی تورکیا لە بەردەست نییە.

ئاژانسی کوردپرێسی ئەم بابەتەی لەگەڵ دوکتۆر تۆماس جێفری مایلی مامۆستای بەشی کۆمەڵناسیی سیاسیی زانکۆی کامبریدج تاوتوێ کردووە.

دەقی دیمانەکە:

کوردپرێس: ئێوە وەکوو یەکێک لە دەستەی نووسەرانی کتێبی «ئازادیی ئێوە و من» کە لەبارەی ژیان و چالاکییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە نووسراوە، قسەتان ئەمەیە کە تا ئەو ساتەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد نەکرێت پرسی کوردی تورکیا چارەسەر ناکرێت. بۆچی وا بیر دەکەنەوە؟ ئایا ئاڵتەرنەتیڤیک بۆ چارەسەریی پرسی کوردی تورکیا بەبێ بوونی ئۆجەلان لەئارادایە؟

دوکتۆر تۆماس جێفری مایلی: لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەبێت پێتان بڵێم ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەمبارەوە وەکوو ڕۆڵی نێلسۆ مەندێلایە. عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەوری سەرەکی لە چارەسەریی پرسی کوردی تورکیا دەگێڕێت. لە هۆکارەکانی دیکە ئەمەیە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان تەنها کەسی کاریزمای پەکەکە-یە کە دەتوانێت فەرمانی چاکداماڵین لە پەکەکە دەربکات. دەبێت وەبیری بێنێنەوە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان نزیک لە دوو دەیەیە کەیسێکی تایبەتە بۆ ئاشتی لە تورکیا. جگە لەمەش دەبێت جەخت بکەمەوە هەر هەوڵێک بۆ جێگیر کردنی ئاشتی لە تورکیا بەبێ ئامادەبوونی ئۆجەلان شکست دێنێت.

کوردپرێس: تورکیا ئیدیعا دەکات کە هێزە کوردەکانی سووریا بەشێکن لە پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا، بۆیەش چەند ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژ بەوان ئەنجام داوە. کوردی سووریا بە چ شێوەیێک هەڕەشەن بۆ سەر تورکیا؟

دوکتۆر تۆماس جێفری مایلی: لەبارەی پرسی کوردی سووریا دەبێت بڵێم ئەگەرچی پڕۆژەی کۆنفدراڵیزمی دیموکراتیک کە لەلایەن کوردی سووریاوە پەیڕەو دەکرێت تا ڕادەیێک جیاوازەی لە پەکەکە، بەڵام پڕۆژەیێکە کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە هزری ئۆجەلانەوە گیراوە. ئەگەرچی هێزە کوردەکانی سووریا ئیدیعا دەکەن پڕۆژەکەی ئەوان سەربەخۆیی ناوچەکەیان نییە و زیاتر مەبەستیان لامەرکەزیەتە بەڵام تورکیا هەمیشە کوردەکانی سووریا بە هەڕەشەیێک بۆ ئاسایشی نیشتمانیی خۆی دەبینێت. ترسی تورکیا دەسەڵاتدارێتیی هێزێکە کە لە ژێر کاریگەریی هزری ئۆجەلانە و بە بۆنەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەمەریکا و شەڕی دژ بە داعش توانیویانە یەک لەسەر چواری خاکی سووریا کونترۆڵ بکەن. بابەتی گرینگ ئەمەیە کە بەرخۆدانی کەم وێنەی هێزە کوردەکانی لە کۆبانی هەمبەر داعش ڕای پێنتاگۆنی بەرەو هێزە کوردەکان ڕاکێشا و لە کۆتاییدا بوو بە هۆی ڕاوەستانی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا.

کوردپرێس: عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە دەڵێن چیدی بەدوای جێبەجێ بوونی پڕۆژەی دەوڵەت-میللەت-دا نین بەڵکوو دەیانهەوێت مۆدێلی کۆمەڵگای دیموکراتیک لە سووریا و تورکیا جێگیر بکەن. ئایا ئەو مۆدێلە لە سووریا و تورکیا توانای جێبەجێ کردنیان هەیە؟

دوکتۆر تۆماس جێفری مایلی: بەڕای من، مۆدێلی دامەزراندنی کۆمەڵگای دیموکراتیک مۆدێلێکی دڵخوازی کوردانی سووریا و تورکیایە کە دەکرێت جێبەجێ بکرێت. دەسکەوتەکانی ئەم پڕۆژەیە لە سووریا سەرەڕای دەستوەردانەکانی تورکیا، بەرچاون. پێشنیار کردنی ئەم مۆدێلە بۆ تورکیا هەمبەر بیرۆکەی دەوڵەت- میللەت و هزری دژبەرانەی تورکیایە.

کوردپرێس: بەڕای ئێوە پارتی دیموکراتیکی گەلان دەتوانێت ئەڵتەرنەتیڤێکی باش بۆ پەکەکە و ئۆجەلان بێت؟

دوکتۆر تۆماس جێفری مایلی: بۆ شی کردنەوەی پێوەندیی نێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان و هەدەپە دەبێت بڵێم نابێت هیچ کات ئەو دوو پڕۆژە لێکتر جودا ببینین. بۆ نموونە، سەلاحەدین دەمیرتاش ناودارترین سیاسەتوانی پارتی دیموکراتیکی گەلان چەندن جار لە وتەکانیدا جەختی کردۆتەوە کە بۆنەی چالاکیی هەدەپە پڕۆژەی کونفدراڵیزمی دیموکراتیکی ئۆجەلانە.

کوردپرێس: ئایا هەرێمی کوردستان دەتوانێت نێوەندگیرێکی باش بێت بۆ ئاشتیی نێوان کورد حکوومەتی تورکیا؟

دوکتۆر تۆماس جێفری مایلی: لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە دەبێت بڵێم کە ئەم ناوچە کوردنشینە سیاسەتەکانی تورکیا دژ بە پەکەکە لە قەندیل پەیڕەو دەکات. ئەگەر هەرێمی کوردستان دەیهەوێت یارمەتیی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا بدات دەبێت واز لە سیاسەتەکانی خۆی کە پەیڕەو کردنی سیاسەتەکانی تورکیایە بێنێت و داوا لەو وڵاتە بکات پڕۆسەی دانووستانی ئاشتی بە سەرکردایەتیی ئۆجەلان دەست پێبکاتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 96791

Your Comment

You are replying to: .
captcha