کوردپرێس:
جه‌مال كۆچه‌ر سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتووى ئیسلامیى كودستان له په‌رله‌مانی عێراق له‌به‌رنامه‌ى "ئاراسته"ى رادیۆ نه‌وادا به‌پێچه‌وانه‌ى زۆرینه‌ى به‌رپرسانى كورده‌وه ڕه‌تی كرده‌وه عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆكوه‌زیرانێكى باش بووبێت بۆ هه‌رێمى كودستان و به نورى مالیكى و حه‌یده‌رى عه‌بادی به‌راوردی كرد و وتى "له‌سه‌رده‌مى عادل عه‌بدولمه‌هدی-دا كورد 4 وه‌زیرى هه‌بوه، به‌ڵام 3 وه‌زیرى پێداوه، دیمۆگرافیاى كه‌ركوك و موسڵ گۆڕاوه و 4 ملیار دۆلارى ته‌نیا له 6 مانگدا بۆ حه‌شدى شه‌عبى خه‌رج كردوه، له‌كاتێكدا عه‌بادى 3 ملیار دۆلاری ده‌ستنیشانكرد و له‌وه‌ش ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلاری بۆ خه‌رجكردن".
ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا كه "ته‌نیا كارى عادل عه‌بدولمه‌هدى ناردنى موچه بوه بۆ هه‌رێمی كوردستان، كه مافى خۆمانه".
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه د.به‌ختیار شاوه‌یس ئه‌ندامى په‌رله‌مانی عیراق له فراكسیۆنى یه‌كێتی گه‌شبین بوو به‌وه‌ى رێككه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا سه‌رده‌گرێت و وتى "له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و رێككه‌وتنه ده‌بێته یاسا و ده‌خرێته ناو پرۆژه‌یاساى بودجه‌وه و دووه‌میش له‌به‌رئه‌وه‌ى بارودۆخى عیراق ده‌كوڵێت و سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێ به‌ره‌یه‌كى نوێى ململانێ بۆخۆى ناكاته‌وه له‌گه‌ڵ كورددا".
وتیشى "بارودۆخى عیراق زۆر ناسروشتییه، یه‌كه‌مجاره له مێژوودا سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستله‌كارده‌كێشێته‌وه، یه‌كه‌مجاره زیاتر له 400 كه‌س له‌سه‌ر شه‌قام ده‌كوژرێت".
به‌ختیار شاوه‌یس ئه‌و بارودۆخهشى به شه‌ڕى ناوخۆى شیعه وه‌سفكرد و وتى "ئه‌مه شه‌ڕى ناوخۆى شیعه‌یه نه‌ك ململانێى شیعه و شه‌ڕه‌كه‌ش له ناسڕیه و به‌غدا و نه‌جه‌ف ده‌ستی پێكردوه".
Your Comment