سەرۆکی هەرێم و ئەمینداری یەکگرتوو جەختیان کردە سەر یەکڕیزی و کاری پێکەوەییی کورد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیدار لەگەڵ ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، جەختی کردە سەر یەکڕیزى و کارى پێکەوەییی لایەنە کوردییەکان.

کوردپرێس:

ڕۆژی سێشەممە 3ی کانوونی یەکەمی 2019 بە ئامانجی یەکدەنگیی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگرەکانی سەردانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیان کرد و لەگەڵ سەلاحەددین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی ئەو حیزبە کۆ بوونەوە.

بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەدا ''نێچیرڤان بارزانى دووپاتی کردەوە کە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە هەوڵ و کۆششەکانى بۆ یەکڕیزى و تەبایى لە هەرێمى کوردستان و یەکهەڵوێستیى لایەن و پێکهاتەکان بەرامبەر بە پێشهات و رووداوەکان لە عێراق و ناوچەکە بەردەوام دەبێت، هەموو تواناکانیش بۆ دروستکردن و سەرخستنى پێکهێنانى هاوپەیمانیى فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەخاتە گەڕ''.

وەک لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانى عێراق و خۆپیشاندانەکانى بەغدا و پارێزگاکانى دیکەى وڵات لێکەوتەکان و کاریگەرییان لەسەر هەرێمى کوردستان، گرنگیى تەبایى و یەکڕیزیى لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا، دۆخى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و رووداو و پێشهاتەکانى ناوچەکە بەگشتى تاوتوێ کران".

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات "ئەمیندارى گشتیى یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان، هەوڵ و هەنگاوەکانى نێچیرڤان بارزانى و سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانى لەپێناو تەبایى و یەکڕیزى و کارى پێکەوەیى لایەنە کوردستانییەکان بەرز نرخاند و پشتگیریى خۆى و یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستانى بۆ دووپاتکردەوە".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشتر بە جیا لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان لە سلێمانی و لە هەولێر لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی کۆبووەوە، ئامانجی کۆبوونەوەکانیشی لەگەڵ حیزبەکان یەکخستنی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانە لەبەرامبەر گۆڕانکاری و ڕووداوەکانی عێراق و ناوچەکە.

News Code 96742

Your Comment

You are replying to: .
captcha