سەرۆککۆماری ئێران: لاریمان لە تواندنەوەی بەستەڵەکی پێوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە نیە

بەشی ئێران- حەسەن ڕۆحانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ یۆسف بین عەلەوی وەزیری دەرەوەی عەمان ڕایگەیاند ئێران لاریی نیە لەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ سعوودیە دەست پێبکاتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕۆژی سێشەمە 12ی سەرماوەزی 1398 بەرانبەر بە 3ی کانوونی یەکەمی 2019 حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران پێشوازیی لە یۆسف بین عەلەوی وەزیری دەرەوەی عەمان کرد و لە دیدارێکی دووقۆڵیدا جەختی کردەوە ئێران ئامادەیە بۆ دەوڵەمەندکردنی پێوەندیی سیاسی و ئابووریی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.

ڕۆحانی گوتیشی ئێران بەردەوام ڕوانینی ئیجابیی بۆ وڵاتانی ناوچەکە و دراوسێکانی بووە و بەو پێیەش لاریی نییە لەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ سعوودیە دەست پێبکاتەوە بەو مەرجەی ڕیاز بە سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا بچێتەوە.

سەرۆککۆماری ئێران زیادی کرد سعوودیە لە عێراق و سووریا مامەڵەی باشی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ نەکردووە و هەمووان ئەوە بزانن کە ئارامی و سەقامگیریی ئەم ناوچەیە تەنها بە وڵاتانی دراوسێ دەستەبەر دەکرێت و وڵاتانی بیانی ناتوانن کارتێکەریی ئێجابییان ببێت لەو پڕۆسەیە.

ناوبراو ئاماژەی بە پڕۆژەکەی ئێران بۆ پاراستنی ئاسایشی کەنداو کرد کە ناوی "ئاسایشی کەنداو"ی لێناوە و گوتیشی ئەو پڕۆژەیە دەلالەتە لە سەر ئەوەی ئێران بەردەوام هۆگری ئارامی و ئاسایش لە ناوچەکە بووە لەڵام وڵاتانی بیانی حەز بە ئارامیی کەنداو ناکەن چوونکە بە دەیان ملیار دۆلار چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ ئەو ناوچەیە دەفرۆشن و لەو داهاتەی خۆیان خۆش نابن.

شایانی باسە یۆسف بین عەلەوی لە کاتێکدا سەردانی تارانی کردووە کە هەفتەی ڕابردوو لە واشەنتن بووە و دەنگۆکان باس لەوە دەکەن کە پێ دەچێت وەزیری دەرەوەی عەمان هەڵگری پەیامێک بێت لە لایەن ئەمریکییەکانەوە بۆ ئێران.

News Code 96740

Your Comment

You are replying to: .
captcha