بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لە سەرەتای ئاکتەوبری ئەمساڵەوە هەواڵی کشانەوەی بەرەبەرەی 2000 هێزی وڵاتەکەی لە باکووری سووریا ڕاگەیاند و تورکیاش دەستبەجێ هێرشی کردە سەر هێزە کوردەکانی سووریا.
لەو ماوەیەدا ئەمەریکا ژمارەیێک لە کەرەستە سەربازییەکانی خۆی لە ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی کوردانی سووریا کشایەوە و بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان گواستیەوە، بەڵام پاش ئەوەی کە ترەمپ بڕیارەکەی خۆی گۆڕی و باسی لە پاراستنی بیرە نەوتەکانی سووریا لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کرد، ژمارەیێک لە هێزی ئەمەریکی بۆ سووریا گەڕانەوە و لەناوچە نەوتخێزەکانی سووریا کە لەژێر کونترۆڵی هێزە کوردەکاندایە جێگیر کران.
ئاژانسی پرسنا لاتینا لە ڕاپۆرتێکدا ئیدیعا دەکات هێزە ئەمەریکییەکان لە سووریا نەکشاونەتەوە و تەنها جێ گۆڕکێیان پێکراوە و ئێستاش ژمارەکەیان نەگۆڕاوە.
ئەم ئاژانسە لە درێژەدا دەنووسێت هێزی ئەمەریکی و بەریتانی بنکە سەربازییەکانی پێشوویان لە سووریا چۆڵ کردووە و ئێستا لە کێڵگە نەوتییەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریا و پارێزگای حەسەکە و دەیرەزوور جێگیر کراون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەم ئاژانسە ئەمەریکا 12 بنکەی سەربازی لە باکووری پارێزگای حەلەب و حەسەکە و نزیک سنووری عێراق دامەزراندبوو بەڵام لەم دواییەدا ئاڵوگۆڕی پێکردوون و لە دوو بنکەی نوێ نزیک سنووری عێراق هێزەکانی جێگیر کراون.
ئاژانسی پرسنا لاتینا دەنووسێت ئەمەریکا هەروەها پشتگیریی خۆی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات دەست پێکردۆتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment