کوردپرێس:
شەوی یەکشەمە 1ی کانوونی یەکەمی 2019 بەدر ئەلزیادی، ئەندامی هاوپەیمانیی سائیروون لە پەرلەمانی عێراق لە میانی بەرنامەیێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند،"هاوپەیمانیی سائیروون وەكوو گەورەترین كوتلەی سیاسیی پەرلەمانی عێراق كە خاوەنی 55 كورسییە، دەستبەرداری مافی خۆمان بووین بۆ كاندیدكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران".
ئەو ئەندامەی سائیروون وتیشی،"ئەو مافەمان داوەتە دەست گەل كە كەسێك دیاری بكەن و ئێمەش هەڵسەنگاندنی بۆ دەكەین و بەگوێرەی رێكار و مەرجەكان پەسەندی دەكەین".
لەلایێكی دیكەشەوە هاوپەیمانی سائیروون لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕەتی كردەوە بەشداریی هیچ كۆبونەوەیێكی لایەنە سیاسییەكانی عێراق بكات بەمەبەستی جێگرەوەیێک بۆ عادل عەبدولمەهدی و ڕایگەیاند،"ئەوە مافی گەلە و تایبەتە بە خۆپیشاندەران".
رۆژی هەینی 30/11/2019 لەوەڵامی عەلی سیستانی، مەرجەعییەتی باڵای شیعەکانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق نامەیێكی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی پەرلەمانی عێراق كرد.
عەبدولمەهدی لەنامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا نوسیویەتی،"بە وردی گوێم لە وتارەكەی مەرجەعی باڵا گرت سەبارەت بە پێداچونەوە بە دۆخی نائاسایی و ئاڵۆزی وڵاتی پێدا تێدەپەڕێت، لەكاتێكدا بەرونی دیارە لایەنە پەیوەندیدارەكان بێدەسەڵات بون لەئاست مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخەكە و پاراستنی مافی هاووڵاتییان و ڕژانی خوێنیان".
دواتریش ڕۆژی یەکشەمە 1ی کانوونی یەکەمی 2019 پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبونی 241 پەرلەمانتار دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی بەزۆرینەی دەنگ پەسەند کرد، هاوکات داوای لە سەرۆک کۆماری عێراق کرد کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاری بکات.
Your Comment