بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمینی، کارناس و بەرپرسی سەلامەتی ژینگە و پیشە لە ناوەندی توندروستیی مەهاباد وتی: لە ڕێگای جێبەجێ کردنی گەڵاڵەی توند کردنەوەی چاوەدێری بەسەر ناوەندەکانی دابینکاری و فرۆش و بڵاو کردنەوەی خۆراک و شوێنە گشتییەکان لەلایەن پشکێنەرانی ئەو ئیدارەیە نزیک بە ٤ تۆن مادەی خواردن و خواردنەوە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دۆزراوەتەوە و سووتێنراوە.
ناوبراو زیاتر وتیشی: ئەو خۆراکانە یان ساختە بوون یان خۆ ماوەیان بەسەر چووە و ٩ تایبەتمەندییە سەرەکییەکەی خۆراکیان پێوە نەبووە و ئەگەر لەلایەن خەڵکەوە بەکار هێنرابان ئەگەری ئەوەیان هەبوو مەترسی بۆ سەلامەتی هاووڵاتیان درووست بکەن.
هەروەها باسی لەوەش کرد بڕێک لەو خۆراکە بە ڕەزامەندیی خاوەنەکانیان وەرگیراون و هەندێکیشی لە ڕێگای دەزگای داد و فەرمانی دادوەرەوە دەستیان بەسەر گیراوە.
ئەمینی لە کۆتاییدا داوای لە هاووڵاتیان کرد ئەو مادە خۆراکییانە نەکڕن کە ٩ تایبەتمەندییە پێویستەکەیان نییە کە بریتین لە: ناوی بەرهەم، ناو و ئەدرەسی کارخانەی بەرهەمهێنەر، ژمارەی پەروانەی بەرهەم هێنان یان خۆ کۆدی تەندووستی، زنجیرەی بەرهەم، کات و بەرواری چێبوون و بەسەرچوون، کێش، هەلومەرجی ڕاگرتن و فۆرموولای کیمیاویی بەرهەم و ڕستەی "بەرهەمی ئێران".
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment