بەبێ ڕەزامەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مۆڵەت بە بەغدا نادرێت کونترۆڵی دەروازە سنووریەکان بکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گومرگی هه‌رێمی کوردستان له‌وه‌ڵامی سه‌رۆکی ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنووریه‌کانی عێراق له‌باره‌ی کۆنترۆڵ کردنی ده‌روازه‌ سنووریه‌کانی هه‌رێم رایگه‌یاند، به‌بێ ره‌زامه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی حکوومه‌تی هه‌رێم رێگه‌یان پێنادرێت.

بەپێی هەواڵی کودپرێس، ساماڵ عه‌بدولڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گومرگی هه‌رێم راگه‌یاند: ئێمه‌ نازانین وشه‌ی کۆنترۆڵ کردنی ده‌روازه‌ سنووریه‌کانی هه‌رێم مانای چیه‌، به‌ڵام هه‌ر رێکارێک که‌ پێویست بێت له‌ناو ده‌روازه‌ سنووریه‌کانی هه‌رێم بکرێت، پێویستی به‌ره‌زامه‌ندی و هه‌ماهه‌نگیی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌، به‌بێ ره‌زامه‌ندیی حکوومه‌تی هه‌رێمیش هیچ رێکارێک ناکرێت و قبووڵ ناکرێت.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گومرگی هه‌رێم وتیشی: "دۆسیه‌ی ده‌روازه‌ سنووریه‌کان هاوته‌ریبه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو دۆسیه‌کانی دیکه‌ که‌ دانوستانیان له‌سه‌ر ده‌کرێت و ته‌واویان له‌سه‌ر ده‌کرێت، به‌گشتیش گرتنه‌به‌ری هیچ رێکارێک سه‌رکه‌وتوو نابێت به‌بێ ره‌زامه‌ندیی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان".

پێشتر، عومه‌ر عه‌دنان وائیلی، سه‌رۆکی ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌کانی عێراق رایگه‌یاندبوو، فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کان له‌گه‌ڵ وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان کۆبووه‌ته‌وه‌ و پرسی داخستنی ئه‌و ده‌روازه‌ سنوورییانه‌یان تاوتوێ کردووه‌ که‌‌ نافه‌رمین.

ئه‌وه‌شی خستبوه‌ڕوو، پلانی ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌کان ئه‌وه‌یه‌ "کۆنتڕۆڵی ده‌روازه‌ سنوورییه‌کانی کوردستانیش بکرێت"، ئه‌ویش له‌رێگه‌ی یاسایی و په‌یوه‌ندی کردن به‌ دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی هه‌رێمی کوردستان.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 957

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha