ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌ربازیی‌ سنووری‌ كه‌ركووک به ‌فه‌رمانده‌یێكی‌ كورد ده‌درێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌ربازیی سنووری‌ پارێزگای‌ كه‌ركووک كه‌ ئێستا له ‌لایه‌ن فه‌رمانده‌ی‌ گشتیی دژه ‌تیرۆری‌ عێراقه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ فیرقه‌ی‌ 20ی‌ سوپای‌ عێراق و كوردێكیش ده‌كرێته‌ فه‌رمانده‌ی‌ ئه‌و فیرقه‌یه‌، له ‌ڕێگه‌ی ‌SNNیشه‌وه‌ فه‌رمانده‌ كورده‌كه‌ په‌یامێک ئاراسته‌ی‌ سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كانی‌ كه‌ركووک ده‌كات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ دوای‌ ڕووداوه‌كانی‌ 16ی‌ ئاکته‌وبری ئه‌مساڵ و كۆنترۆڵ كردنی‌ به‌شێكی‌ زۆر له ‌ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان له ‌لایه‌ن سوپای‌ عێراقه‌وه‌، فیرقه‌ی‌ 20ی‌ ئه‌و سوپایه‌ هێنرایه‌ كه‌رکووک و له ‌لایه‌ن عه‌مید ڕوكن مه‌عه‌د سه‌عدی فه‌رمانده‌ی‌ گشتیی‌ دژه‌ تیرۆری‌ عێراق به ‌شێوه‌ی‌ وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌برا، به‌ڵام ئێستا به ‌بڕیاری‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی‌ عێراق فه‌رمانده‌یێكی‌ كورد بۆ ئه‌و پۆسته‌ ده‌ستنیشان كراوه‌.

عه‌مید ڕوكن شێرزاد عه‌زیز كافرۆشی‌ كه‌ پێشتر فه‌رمانده‌ی‌ لیوای‌ 18ی‌ فیرقه‌ی‌ پێنجی‌ سوپای‌ عێراق بوووه‌ و ئێستا به ‌بڕیاری‌ عه‌بادی‌ ده‌ستنیشان كراوه‌ بۆ فه‌رمانده‌یی كردنی‌ فیرقه‌ی‌ 20ی‌ كه‌ركووک به‌SNNی‌ ڕاگه‌یاند: "به ‌فه‌رمانی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ بڕیار دراوه‌ بكرێم به ‌فه‌رمانده‌ی‌ فیرقه‌ی‌ 20ی‌ سوپای‌ عێراق له ‌كه‌رکووک و هه‌فته‌ی‌ داهاتووش ده‌ستبه‌كار ده‌بم".

وتیشی: "ئه‌و پۆسته‌ی‌ كه‌ من بۆی‌ ده‌ستنیشان كراون پڕ كردنه‌وه‌ی‌ پۆستی‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێک نییه‌، به‌و پێیه‌ی‌ فیرقه‌ی‌ 20 فه‌رمانده‌ی‌ نییه‌ و په‌یكه‌رێكی‌ نوێی سوپای‌ عیراقیشه‌".

به‌گوێره‌ی‌ زانیاریه‌كانیش له ‌ئێستادا فه‌رمانه‌كه‌ دوای‌ ده‌ركردنی‌ له‌ لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی‌ عێراق، وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ جێبه‌جێی‌ كردوووه‌ و ته‌نها ڕێكاره‌ ئیدارییه‌كانی‌ ماوه‌.

له ‌په‌یامێكیشدا بۆ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی‌ سنووری‌ پارێزگای‌ كه‌رکووک عه‌مید شێرزاد كافرۆشی‌ جه‌ختی كرده‌وه: "ئه‌و پۆسته‌ی‌ وه‌رمگرتووه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ نه‌ته‌وه‌یی نییه‌، به‌ڵكوو به‌ گوێره‌ی‌ ئیستیحقاقی سه‌ربازی‌ و پله‌به‌ندی‌ پێم به‌خشراوه‌، بۆیه‌ پارێزگاری كردنی‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان به‌ بێ‌ جیاوازی‌ له‌ ئه‌ستۆی‌ ئێمه‌ ده‌بێت".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 9566

Your Comment

You are replying to: .
captcha