گۆڕان و کۆمەڵ لە حکوومەت کشانەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پاش چەندین ڕۆژ ڕاوێژ و گفتوگۆ لەسەر دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بە فەرمی ڕایان‌گەیاند لە حکوومەتی هەرێم دەکشێنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای‌ چەند ڕۆژێك لەكۆبوونەوە و گفتوگۆ كردن بۆ تاووتوێ كردنی‌ بارودۆخەكە، بزووتنەوەی‌ گۆڕان و كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ بڕیاری‌ كشانەوەیان لە كابینەی‌ هەشتی‌ حكوومەتی‌ هەرێم ڕاگەیاند و گۆڕانیش دەست لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان هەڵدەگرێت، هاوكات گۆڕان لای خۆیەوە هەڵپەساردنی ڕێكەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتیی ڕاگەیاند.

لەوبارەیەشەوە ڕێبوار حەمەد وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی ڕای‌گەیاند: بڕیارمان دا بە هەماهەنگی لەگەڵ گۆڕان لە حكوومەتی هەرێم بكشێینەوە، وەزیرەكانیشمان دەكشێنەوە.

لەلایێكی دیكەشەوە و سەبارەت بە پلانی داهاتووی گۆڕان بۆ كاركردن، ئاسۆ مەحموود باژێروانی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی ئاشكرای كرد: گۆڕان دوو جۆر فشاری هەیە، فشاری سیاسی و مەدەنی، هیوادارین دەسەڵات ناچارمان نەكات فشاری مەدەنی بگرینەبەر.

وتیشی: لە داهاتوودا بەرەیێكی نوێ لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی ڕادەگەیەنین و پێشتریش لە دەرگای لایەنەكانمان داوە بۆ ئەوەی ئەوانیش بێنە ناو ئەو بەرەیەوە بۆ دروست كردنی حكوومەتی ڕزگاریی نیشتیمانی، بۆیە ئێمە بیر لە نەخشەڕێگەیێكی نوێ دەكەینەوە.

لای خۆشیەوە عەبدولڕەزاق شەریف ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان بە میدیاكانی بزووتنەوەكەی ڕاگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار دراوە بە هەڵپەساردنی ڕێككەوتنی سیاسیی نێوان یەكێتی و گۆڕان، ئەمەش بەو مانایە نایەت كە پەیوەندییەكانمان بپچڕێنین، بەڵكوو دەمانەوێت پەیوەندییەكانمان لەگەڵ یەكێتی هەڵپەسێردرێن.

سەرچاوە: تۆڕی هەواڵی سلێمانی

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 9540

Your Comment

You are replying to: .
captcha