بە پێی هەواڵی کوردپرێس، لە پەیامەکەی بزووتنەوەی گۆڕاندا سەبارەت بە خۆپیشاندانی شار و شارۆچكەكانی كوردستان هاتوو:
دوای گشت هەوڵەكانمان بۆ پارێزگاریی و چاكسازی و گۆڕانكاری لە حوكمڕانێتی هەرێمی كوردستان بۆ باش كردنی بژێوی ژیانی خەڵک و یەكسانی و دادی كۆمەڵایەتی، لە بەرامبەردا گوێ پێنەدان و رەت كردنەوە و كەمتەرخەمیی حیزبە دەسەڵاتدارەكان و بەردەوامیان بە پاوانخوازی و برەودان بە گەندەڵی و پێشێل كردنی هەموو مافە نەتەوەیی و نیشتمانی و دیموكراسییەكانی گەلەكەمان.
ئێستا هەموو پیرۆزیەكان و سەروەری و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان بە ژیانی خەڵک و چارەنووسی نەوەكانی ئایندەشەوە، لەبەردەم مەترسی و هەڕەشەی جدی نەیارو دوژمناندایە، هەر خۆشیان بە كار و كردار و بیركردنەوەیان بوون بە بەشێک لە پرۆژەی شكست پێهێنانی ئەو دەستكەوتانەی كە سەدان ساڵە میلەتەكەمان خەباتی بۆ دەكات.
خۆپیشاندانی هاوڵاتییان بە سەرجەم چین و توێژەكانەوە بۆ گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی، بژێوی ژیان، عەدالەتی كۆمەڵایەتی، ئاشتی كۆمەڵایەتی و بەدەست هێنانی مافەكانیان جووڵەیێكی رەوای بێ چەندو چوونی خۆیانە و بزووتنەوەی گۆڕان پشتیوانی دەكات.
داواشمان ئەوەیە كە بەشێوازی رێكخراوەیی و شارستانی داوا رەواكانی خۆیان بە دەسەڵاتدارانی هەرێم و دونیای دەرەوە بگەیەنن و دامودەزگاكانی حكوومەت و كەرتی تایبەت و بارەگا حیزبیەكان و موڵک و ماڵی هاوڵاتیان پارێزراو بێت، سیمایێكی جوان بە رەوتی خۆپیشاندانەكان ببەخشن.
پەیامی ئێمەش بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ ئەوەیە كە پارێزگاری كردن و پشتیوانی كردنی خوشک و براكانیان ئەركی ئەوانە و لە ئەستۆی ئەواندایە. هەر ئەوەش لەو تێكۆشەرانە چاوەڕوان دەكرێت.
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment