بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا دوابەدوای بڕیاری کۆمکاری هاریکاریی ئیسلامی بۆ بە فەرمی ناسینی وڵاتی فەلەستین و ڕۆژهەڵاتی قودس وەکوو پێتەختی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند وڵاتەکەی لە بەشی ڕۆژهەڵاتی قودسدا باڵوێزخانە دەکاتەوە.
ئەردۆغان لە میتینگی پارتی داد و گەشە لە شاری قارەممان وتیشی: ئێمە پێشتریش بەشی ڕۆژهەڵاری قودسمان وەکوو پێتەختی فەلەستین پێناسە کردبوو بەڵام نەماندەتوانی باڵوێزخانەی تێدا بکەینەوە چوونکە داگیر کرابوو، بەڵام خودای گەورە بیهەوێت باڵوێزخانەکەمان لەوێ دەکەینەوە.
دەریشیبڕی: دۆناڵد ترمەپ بە هزرێکی دەمارگرانە و زایۆنی قودسی وەکوو پێتەختی ئیسرائیل هەژمار کرد و لای خۆیەوە وای دەزانی کاری لە کار ترازاندووە و تەواو. ئەمریکا دەیهەوێت باڵوێزخانەی خۆی بۆ ئەوێ بگوازێتەوە. ئەوانەی سەرەڕای بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری لەو چەشنە دەدەن مەبەستیان ئەوەیە کە ئێمە بە فەرمی ناناسن، دەی جا باشە، ئێمەش ئەوان بە فەرمی ناناسین.
ئەردۆغان کە لە ئێستادا سەرۆکی خولیی کۆمکاری کاریکاریی ئیسلامییە ڕایگەیاند: من هەموو ئەندامانم بانگهێشت کرد و هەموو لە ماوەی یەک حەفتەدا کۆ بوونەوە. لەگەڵ پاپ فرانسیسیش قسەم کردووە و ئەویش هاودەنگی ئێمەیە.
شیاوی ئاماژەیە کۆمکاری هاریکاریی ئیسلامی لە کۆبوونەوە نائاساییەکەی خۆیدا بەشی ڕۆژهەڵاتی قودسی وەکوو پێتەختی فەلەستین بە فەرمی ناسی و لە دیکەی وڵاتانیش داوای کرد هەمبەر بڕیارەکەی ترەمپ بۆ پێناسە کردنی قودس وەکوو پێتەختی یەکپارچەی ڕژیمی زایۆنی، ڕۆژهەڵاتی قودس بە پێتەختی فەلەستین بزانن.
سەرچاوە: حوڕیەت
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment