بەپێی هەواڵی کوردپرێس، خۆپیشاندانی چینە جۆراوجۆرەکانی خەڵک لە هەرێمی کوردستان کە سەرلەبەیانیی ئەوڕۆ ٢٧ی سەرماوەز دەستی پێکردبوو لە زۆربەی شارەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە درێژەی هەیە و بەربڵاویش بۆتەوە.
پۆلیسی شاری سلێمانی ناچار بووە بۆ بڵاوە پێکردنی ئەو خەڵکەی دەنگی ناڕەزایی خۆیان هەمبەر نەبوونی بووجە و خزمەتگوزارییە شارییەکان هەڵبڕیوە گازی فرمێسکڕێژ بەکار بهێنێت.
تەلەفزیۆنی NRT باس لەوە دەکات پۆلیس تەقەی بەرەو خەڵک کردووە و چەند کەسێکیش بریندار بوونە و بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە.
ئەمەش لە حاڵێکدایە دەزگا فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێم لەمبارەوە هیچیان نەدرکاندووە.
لە شارەکانی هەڵەبجە، سەی سادق، پێنجوێن، تەق تەق و چەمچەماڵیش خۆپیشاندان بەردەوامە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن دووکانەکان لەو شارانە داخراون.
لەلایێکی دیکەشەوە لە پیرەمەگرون سەر بە پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندەران ئاگریان بەرداوەتە نووسینگەی هەر پێنج پارتە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان و چەند بینا و باڵاخانەی ئەمنی و حکوومیشیان سووتاندووە.
سیروان سەرحەد بەڕێوەبەری قەزای پیرەمەگرون بۆ کۆنترۆڵ کردنی شارەکە داوای هێزێکی زیاتری ئەمنیشی کردووە.
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment