ناوچە جێناکۆکەکان بە شێوەی هاوبەش ئیدارە بکرێن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری سەرۆکی پارلەمانی کوردستان جەختی کردەوە دەبێ بە هەوڵی لێژنەکانی حکوومەت و پارلەمان و ڕەوتە سیاسییەکان و چاوەدێریی نێودەوڵەتی بەرنامەیێک بۆ ئیدارەدانی هاوبەشی ناوچە جێناکۆکەکان نێوان هەوڵیر و بەغدا ئامادە بکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەعفەر ئیمینکی لە وتارێکی خۆیدا بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵای کوردستان ئاماژەی کردە سەر ئەوەی هەرێمی کوردستان ئێستا و پێش بەڕێوەچوونی گشت‌پرسیی سەربەخۆییش بڕوای بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور بووە و نابێ بەغدا پشت ببەستێتە هەندێک خاڵی تایبەتی یاساوە و مافی هەرێمی کوردستان و خەڵکی هەرێم پێشێل بکات.

هەروەها جێگری سەرۆکی پارلەمانی کوردستان باسی لەوە کرد نابێ لە هەرێمی کوردستاندا بەرژەوەندیی حیزبی و تاکەکەسی پێش بەرژەوەندیی نەتەوەیی بکەوێت و زیاتر وتیشی: حکوومەت و پارلەمانی هەرێم یەک کاسە ببنەوە و پێکەوە هەوڵ بدەن بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان و پێشمەرگەش وەک هێزێکی نەتەوەیی و لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە ڕێکبخرێتەوە.

پاشان ئیمینکی دەری‌بڕی دەبێ بە هەماهەنگیی حکوومەت و پارلەمان و لایەنە سیاسییەکان و چاوەدێریی نێودەوڵەتی بەرنامەیێک بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی ناوچە جێناکۆکەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا ئامادە بکرێت و ئەو ناوچانە بە هاوبەشیی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی ناوەندی ئیدارە بکرێن.

جێگری سەرۆکی پارلەمانی کوردستان ئەوەشی خستە ڕوو هەولێر سەرەڕای هەموو ئەو ڕەخنانەی لە سیاسەتەکانی بەغدا هەیەتی هێشتاکەش لەسەر تەوەری گفتوگۆی نێوان هەردوو لایەن بە ئامادەبوونی کەسی سێهەم جەخت دەکاتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 9403

Your Comment

You are replying to: .
captcha