ئێران دەبێتە ناونجیی ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا

بەشی ئێران- حەسەن نەورووزی ئاماژەی کردە بڕوای کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پاراستنی یەکگرتوویی لە عێراق و وتی: ئێستا کاتی ئەوە نییە لە هەرێمی کوردستان وەکوو هەرێمێکی سەربەخۆ پشتیوانی بکەین چوونکە ئیسرائیلی پێ خۆشحاڵ دەبێت و لە بەرژەوەندیی ئەودایە.

ئەندامی لێژنەی دادوەریی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لە لێدوانێک بۆ هەواڵنێری پەرلەمانیی کوردپرێس ئاماژەی کردە ڕۆڵی نێوەندگێڕانەی ئێران بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە خوازیاری یەکگرتوویی لە عێراق و دیکەی وڵاتانی ناوچەکەشە. پێوەندیی ئێران لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی عێراق و هەروەها کوردەکانیش باشە و بڕوای وایە بەپێی دەستوور و یەکگرتوویی دەبێ کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

زیاتر وتیشی: لەمبارەوە ئێمە هەمیشە جەختمان لەسەر یەکگرتوویی هەموو لایەنەکان کردۆتەوە بە هەردوو لایەنمان وتووە دەستوور و یەکپارچەیی بپارێزن تاوەکوو ئەم پاپۆڕە لە گەردەلوولی ناوچەکە ڕزگار بکەن.

لەسەر دژایەتیی هەمیشەییی ئێران بۆ جیابوونەوەی هەرێم لە عێراق جەختیشی کردەوە و دەری‌بڕی: ئێستا کات کاتی ئەوە نییە کە وەکوو هەرێمێکی سەربەخۆ پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بکەین چوونکە ئەمە لە بەرژەوەندیی ئیسرائیلە و پێی خۆشحاڵ دەبێت.

نەورووزی وێڕای ئاماژە بە سیاسەتی دابەشکارانەی ئیسرائیل و عەرەبستان ڕای‌گەیاند: دەبێ ئێمە دژ بەو شتە بجووڵێینەوە کە دوژمنان دەیانهەوێ و ببینە ڕێگرێک نێوان خۆیان و ئامانجەکانیان.

نوێنەری ڕبات‌کەریم لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لە کۆتاییدا وتی بیروڕای ڕێبەر، دەوڵەت و مەجلیسی شۆرای ئیسلامیش پاراستنی یەکپارچەییی عێراق و سووریایە و ئێران هەمیشە نێوان هەولێر و بەغدا ڕۆڵی نێوەندگێڕی هەبووە و ویستوویەتی لە ڕێگای دەستوور و لۆژیکەوە کێشەکانیان چارەسەر بکرێن.

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 9402

Your Comment

You are replying to: .
captcha