کوردپرێس:
جاھید كركازاك پارێزەری سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆكی پێشووتری ھەدەپە بە میدیاکانى راگەیاندووە ڕۆژی چوارشەممە، بە تۆمەتی سووكایەتی كردن بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکكۆماری توركیا جارێكی دیكە دەمیرتاش دادگایی دەكرێتەوە.
پارێزەرەکەى ئاماژەى بەوەشکردوە، لەکاتێکدا کە دەبوو دەمیرتاش ئێستا لە دەرەوە بوایە، بەڵام دادگاى تورکیا هەر جارە بەبیانویەک لە زیندان دەیهێڵێتەوە.
مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بەفەرمى داواى لە تورکیا کرد بە زووترین کات دەمیرتاش ئازاد بکات، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا رایگەیاند کە وڵاتەکەى پابەند نابێت بە بڕیارەكەی دادگای مافەکانی مرۆڤ و ئەوروپا ناتوانێ لە جیاتی دادگاكانی توركیا بڕیار بدات.
مانگى ١١ی ساڵی ٢٠١٦، سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە بە تۆمەتی پڕوپاگەندەکردن بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە و چەند تۆمەتێکی تر دەستگیرکرا و تا ئێستاش لە زینداندایە.
Your Comment