بەپێی هەواڵی کوردپرێس، باڤڵ تاڵەبانی فەرماندەی باڵای هێزەکانی دژەتیرۆر لە هەرێمی کوردستان و کوڕی گەورەی جەلال تاڵەبانی لە لێدوانێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی وتی: پێویستە وڵاتانی ڕۆژئاوا ئاگری قەیرانی هەرێم بکوژێننەوە پێش ئەوەی داعش بگەڕێتەوە و خۆی دروست بکاتەوە چوونکە گەڕانەوەی داعش بوونی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە.
بافڵ تاڵەبانی بە ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی وتووە: ئاهەنگێڕان بەبۆنەی تێکشکانی داعش سادە و منداڵانەیە و دەشڵێت: داعش کۆتایی نەهاتووە و بە شێوازێکی دیکە و بەهێزتر دەگەڕێتەوە، ڕق و کینەی ڕەگەزی زیاد دەکەن و تیرۆریزمیش گەشە دەکات.
ناوبراو و داواش لە بەریتانیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات ڕێگە بۆ دانووستانی بەغداد و هەرێم خۆش بکەن و ئاگری قەیرانی هەرێم بکوژێننەوە پێش ئەوەی دۆخەکە لەوە خراپتر بێت.
بافڵ تاڵەبانی پێی وایە کە ئەنجام دانی ڕیفراندۆم لە ٢٥ی سێپتێمبێردا دۆزی کوردی کە خۆی لە سەربەخۆییدا دەبینێتەوە بۆ ماوەی دەیەیێک دواخست.
لە دەست دانی کێڵگە نەوتییەکان لە دوای ڕیفراندۆمەوە هەرێمی خستە سەر لێواری داڕمانی ئابووری و حکوومەتی هەرێم پارەی نەماوە بۆ ئەوەی ئەم مانگە بیداتە فەرمانبەران.
تاڵەبانی دەشڵێت: سەرکردایەتیی کورد ڕێککەوتنێکی منیان پشتگوێ خست لەگەڵ ئەمریکییەکاندا کە ئەگەر ڕیفراندۆممان دوابخستایە بۆ دوو ساڵی ئایندە، ئەوا پشتگیرییان دەکرد، لەبەرئەوەی ڕیفراندۆمەکە تەرکیز لەسەر شەڕی دژی داعش لانەبات و مەترسی نەخاتە سەر دووبارە هەڵبژاردنەوەی عەبادی.
هەروەها توڕەیی خۆی بەرامبەر چەند ڕاوێژکارێکی بیانی دەردەبڕێت کە بە وتەی خۆی ئەوان بارزانییان ڕووبەڕووی هەڵەیێکی گەورە کردەووە.
ناوبراو ڕەخنە لە حزبەکانی هەرێم دەگرێت بە یەکێتیشەوە بە جۆرێک بە کەللـەڕەقی و هەوڵدان بۆ جیاکاری تۆمەتباریان دەکات.
هاوکات ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە کە ئاڕاستەی خۆی و چەند فەرماندەیێکی پێشمەرگە کراون بۆ ترسنۆکی و ئاڵۆزکردنی دۆخەکە لەکاتی هێرشی هێزەکانی عێراقدا بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان و دەشڵێت: پێویستە دۆخەکە ببێتە خزمەتی بەئاگاهاتنەوەی لایەنەکان بە تایبەت پارتی و یەکێتی، بۆ ناشتنی جیاکاری و کێشەکانی ڕابردوو.
باڤڵ تاڵەبانی ڕاشی­گەیاندووە: پێویستمان بە کوردستانێکی یەکدەنگ و یەکگرتووە، ئەگەر هەرێم لە دەست بدەین و عێراق یاریمان پێ بکات، ئەوا ئەو کاتە گرنگ نابێت کە کێ بەرپرسیارە لە چی.
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment