وته‌بێژی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێم  ڕوونكردنه‌وه‌یێک بڵاو ده‌كاته‌وه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ڵامی دوایین داواكارییه‌كانی‌ حكوومه‌تی‌ عێراق ده‌داته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ڕاده‌ست كردنی‌ ته‌واوی داهاته‌كان و ئیداره‌دانی‌ خاڵه‌ سنووریه‌كان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سه‌عد حه‌دیسی وته‌بێژی‌ حكوومه‌تی‌ عێراق ڕای­گه‌یاندووه‌: ئاماده ‌نین هیچ ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌رێم بكه‌ن تا ئه‌وكاته‌ی‌ ته‌واوی داهاته‌كانی هه‌رێم و خاڵه‌ سنووریه‌كان ڕاده‌ستی‌ به‌غدا نه‌كرێنه‌وه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێم له ‌لێدوانێكی‌ تایبه‌تدا ڕای­گه‌یاند: هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌موو كات ئاماده‌یه‌ بۆ گفتوگۆ كردن له‌سه‌ر ته‌واوی‌ كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر یه‌كلا كردنه‌وه‌ی‌ گرفتی‌ خاڵه‌ سنووریه‌كان و داهاته‌كان.

وته‌بێژی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێم وتیشی‌: به‌غدا له‌بری‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ فه‌رمی بۆ ده‌ستپێشخه‌ریه‌كانی‌ هه‌رێم بۆ ده‌ست پێكردنی‌ گفتوگۆ و دیالۆگ، ته‌نها له ‌ڕێگه‌ی لێدوان و ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ ڕاو بۆچوونی‌ خۆی ده‌رده‌بڕێت و ئاماده‌ نییه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم گفتوگۆ له‌سه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌كان بكات.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ش كه‌ به‌غدا ڕای­گه‌یاندووه‌ ده‌یانه‌وێت به ‌نووسراو وه‌ڵامه‌كانی‌ هه‌رێمیان پێبگاته‌وه‌، سه‌فین دزه‌یی وتی: نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ دوایین كۆنگره‌ی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ خۆیدا هه‌ڵوێستی‌ فه‌رمی بۆ گفتوگۆ كردن له‌سه‌ر كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ربڕی كه‌ ئاماده‌ن بۆ ده‌ست پێكردنی گفتوگۆ و دیالۆگ له‌سه‌ر كێشه‌كان.

سەرچاوە: SNN

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 9364

Your Comment

You are replying to: .
captcha