بەپێی هەواڵی کوردپرێس پرسی پڕۆژە یاسای ناوچەی ئازادی مەریوان و بانە کە ئێستا بۆتە سووژەیێکی باش بۆ ڕووماڵی هەواڵ و خاوەن­بیرانی زۆر هیوایان بە دەوری ئەو پڕۆژەیە بۆ گەشەی ئابووریی ناوچەکە هەیە تا ڕادەیێکی زۆر بۆنی موزایەدە و پشکخوازیی لێدێت.
هەر کاتێک نوێنەرەکان هیچیان پێ نامێنێت بیڵێن باسی پڕۆژەیاسای ناوچەی ئازاد دەکەن و بەڵێن دەدەن بیهێننە پەڕلەمان و لۆبیگەریی بۆ بکەن و ئاسانکاری بکەن بۆ پەسەندکرانی و بەوەش شەپۆلێکی فراوان لە هەواڵ دروست دەکەن و لەم دۆخە وەستاوەی کورت­هێنانی پڕۆژەی ئاوەدانکاریدا پێشوازیی باشی لێدەکرێت.
هەر لەو بارەیەوە موحسین بیگلەری نوێنەری خەڵکی بانە لە پەرلەمانی ئێران لە پەیجی تایبەتی خۆیدا سەبارەت بە دەرکردنی هەواڵی دژبەیەک لەو بارەیەوە ناڕەزاییی دەربڕیبوو.
لە بەیاننامەکەی بیگلەریدا نووسراوە: بە ئاوڕدانەوە لە گرینگایەتیی بابەتی پەسەند کردنی پڕۆژەیاسای ناوچەی ئازادی بازرگانیی مەریوان و بانە لای هاووڵاتییانی بەڕێزی بانە و سەرجەم کوردستان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بینیومانە ژمارەیێک لە نوێنەرانی بەڕێز لە ماوەی دوور و نزیکی پەسەند کرانی ئەو پڕۆژەیەدا دیمانە لەگەڵ ناوەندەکانی هەواڵ دەکەن و هەواڵی جۆر بە جۆریش لەو بارەیەوە ڕادەگەیەنن.
پاش دەرکرانی هەواڵێک سەبارەت بە ئاراستە کردنی پڕۆژە یاساکە لە ماوەی دوو حەفتەی داهاتوودا بۆ پەڕلەمان پێویستە چەند شتێک بۆ خەڵکی بەڕێزی ناوچەکە ڕوون بکەمەوە:
1.پاش سەردانەکەی سەرۆک کۆمار و ژمارەیێک لە ئەندامانی بەڕێزی کۆمیسیۆنی پلان­دانان و بودجە بۆ مەریوان و بانە و قەناعەت پێهێنان بەو بەڕێزانە بۆ پەسەند کردنی پڕۆژەکە لە کۆمیسیۆنە جۆر بە جۆرەکانی پەڕلەمان من پێش­بینیم ئەوەیە پڕۆژەی ناوچە ئازادەکان پاش پڕۆژەی بودجە بێتە پەڕلەمان. 2. منیش لای خۆمەوە هەوڵ دەدەم پێش ئەوەی پڕۆژە یاسای بودجە بێتە پەڕلەمان پڕۆژەیاسای ناوچە ئازادەکان ئاراستەی پەڕلەمان بکرێت و ڕەوتی دیراسە کردنی ئەو پڕۆژەیاسایە دەست پێبکات بەڵام ئێستا دەرفەتی کەم بە دەستەوە ماوە و منیش گەشبین نیم بەوەی ئەم بابەتە مومکین بێت.3. بە ئاوڕدانەوە لەو ئاسانکارییانە پێشتر کراوە ئەم جارە من زۆر گەشبینم بە پەسەند کرانی پڕۆژە یاساکە لە پەڕلەمان.
Your Comment