توركیا به‌ قووڵاییی شه‌ش كیلۆمه‌تر هاتووه‌ته‌ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سیده‌كان ڕای­ده‌گه‌یێنێت شه‌وی ڕابردوو سوپای توركیا به‌ قووڵاییی شه‌ش كیلۆمه‌تر هاتووه‌ته‌ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئیحسان چه‌له‌بی، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سیده‌كان، ئه‌مشه‌و له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا به‌ خه‌ندان-ی ڕاگه‌یاند: " ئه‌و حاڵه‌ته‌ شه‌وی ڕابردوو كاتژمێر 12:15 خوله‌ک ڕووی داوه‌، بیانووی توركیا بۆ به‌زاندنی خاكی هه‌رێمی كوردستان بوونی چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK‌) یه‌".

ئاماژه‌شی كرد به‌وه‌ی هه‌ر له‌ سه‌عات حه‌وتی ئێواره‌وه‌ هه‌تا كاتژمێر 12:15ی شه‌و تۆپباران و بۆمبارانی فرۆكه‌كانی توركیا به‌رده‌وام بوو، دواتریش له ‌ڕێگای سێ هێلیكۆپته‌ره‌وه‌ ژماره‌یێک سه‌ربازی توركیا له‌ ناوچه‌كه‌ دابه‌زێنراون، به‌ تایبه‌تی له‌ نزیک گه‌لی ڕه‌ش، به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجام دانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له ‌دژی گه‌ریلاكانی PKK.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ چۆڵ كراون و كه‌سی تێدا ناژی نازانرێت ئایا كوژراو و بریندار هه‌یه‌ یان نا.

وتیشی: "ئێمه‌ به‌رپرسانی سه‌ره‌وه‌ی خۆمان له‌و هێرشانه‌ ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر PKK‌ له‌و ناوچه‌یه‌ نه‌بێت توركیا هه‌رگیز نایێته‌ ناو هه‌رێم كوردستانه‌وه‌."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 9339

Your Comment

You are replying to: .
captcha