کوردپرێس:
ژمارەیێک لە چاودێران و میدیاکانی ئەمریکا لە هەمان کاتی سەرکەوتنی بایدەنەوە لەبارەی پشتگیری کردنی زیاتری ئەمریکا بۆ کوردەکانی سووریا باس و خواسیان کرد و لەو بڕوایەدا بوون کە جۆبایدەن پشتگیریی زیاتر لە کوردەکان و بەتایبەت کوردەکانی سووریا دەکات.
بەڵام پەیمانگای لۆڤیی ئوسترالیا لە شرۆڤەکردنێکدا لەبارەی هەڵوێستی دەوڵەتی نوێی ئەمریکا لەبارەی سووریاوە جەختی کردۆتەوە کە واشەنتن لە ئێستادا سەرنجی تایبەتی نەخستۆتە سەر دۆخی سووریا و ئەو بابەتە لە یەکەمایەتیی کارەکانی واشەنتن نیە.
دوکتور ڕاجر شاناهان شرۆڤەکاری کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەندامی پێشووی سوپای ئەمریکا لە شرۆڤەیێکدا جەختی کردۆتەوە کە ئیدارەی نوێی واشەنتن تووشی جۆرێک لە دوو دەستەیی لەبارەی بەردەوام بوونی مانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە سووریا بووە. ژمارەیێک لە کەسایەتییەکان پێیان وایە مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا بەهای تایبەتی هەیە بەڵام ژمارەیێکی دیکەش لەو بڕوایەدان کە پێویستە ئەمریکا ستراتێژییەتی خۆی لەبارەی سووریاوە بگۆڕێت و پێویست نیە هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا بمێننەوە.
ناوبراو ئاماژەی بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئیدارەی نوێی ئەمریکا لەگەڵ کێشەی نوێی نێوخۆیی و دەرەکی کردووە و لەو بڕوایەدایە کە سووریا و ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا لە یەکەمایەتیی کارەکانی ئیدارەی بایدەندا نیە.
دوکتور شاناهان ئاماژە بەوەش دەکات کە هۆکاری مانەوەی ئەمریکا لە سووریا هاوکاری کردنی کوردەکانی ئەو وڵاتە هەبوونی داعش و شکست دانی ئەو هێزە تیرۆریستییە بوو و جەختیش دەکاتەوە کە شکستی فراوانی داعش لە سووریا لە شەڕی ئەو گرووپە لە شارەکانی باغۆز و ڕووخانی ئەو شارە دەستەبەر بوو. هەر بۆیەش ژمارەیێک لە کەسایەتییە نیزیکەکانی دەوڵەتی بایدەن لەو بڕوایەدان کە چیتر پێویست ناکات ئەمریکا لە سووریا بمێنێتەوە.
شرۆڤەکارەکەی پەیمانگای لۆڤی دەشنووسێت: چاوەڕوان دەکرێت کە ئیدارەی بایدەنیش پشتگیریی هێزەکانی سووریای دیموکرات بکات بەڵام پشتگیری کردنی کورد ڕەنگە تەنها یەک هۆکاری هەبێت و ئەوەش ڕێگری کردن لەوەیە کە دەوڵەتی سووریا دەستی بە سەرچاوەی نەوتی باکووری خۆرهەڵاتی سووریا بگات.
دوکتور شاناهان لەو بڕوایەدایە کە بەردەوام بوونی هەبوونی ئەمریکا لە سووریا تەنها لە یەک حاڵەتدا بە ڕەوا دەزانرێت ئەویش ئوەیە کە ببێتە ئامێرێک بۆ زیاد کردنی نفووز و قورسایی لە سەر چارەسەری سیاسیی سووریا. جگە لەوحاڵەتە هەبوونی ئەمریکا داگیرکردنی بەشێکی سووریایە و ئامانجێکی ستراتێژییانە بەڵام نادڵنیا دەکات.
توێژەریی کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆتاییدا بەو ئەنجامە گەیشتووە کە بەم زووانە گۆڕانکاریی زۆر لە سووریا نابینین. بەردەوامبوونی مانەوەی ئەمریکا و ڕووسیا و تورکیا و دیکەی لایەنەکان لە خاکی سووریا دەبێتە هۆی ئەوەی دۆحەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرنەچێت بەڵام لە لایێکی دیکەشەوە ئەو مەسەلەیە ناتوانێت ببێتە هۆی پێشکەوتن لە گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ قەیرانی سووریا.
Your Comment