پەرلەمان ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم دەخاتەڕوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پەرلەمانی كوردستان بڵاوی‌كردەوە، لەسەر داوای حکوومەتی هەرێمی كوردستان، سەعات 10ی بەیانیی ڕۆژی چوار شەممە، كۆبوونەوەیێکی هاوبەش لە نێوان سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان ‌و سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەنجام درا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەرلەمانی كوردستان بڵاویشی‌كردەوە، كە شاندی پەرلەمانی كوردستان بە سەرۆكایەتیی جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان ‌و بێگەرد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمان ‌و ئەندامییەتیی سەرۆك و جێگر و بڕیاردەری لیژنەكانی دارایی ‌و كاروباری ئابووری و وەبەرهێنان‌ و پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكان و كاروباری یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان‌ و ژمارەیێک لە راوێژكارانی سەرۆكایەتیی پەرلەمان پێكهاتبوو، شاندی حکوومەتیش بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حکوومەت و ئەندامییەتیی مەولود باوەموراد، وەزیری كاروباری پەرلەمان و سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وتەبێژی حکوومەتی هەرێم و بەرپرسی فەرمانگەی یاسایی و ژمارەیێک لە راوێژكارانی ئەنجوومەنی وەزیران پێكهاتبوو.

كۆبوونەوەكە تەرخان كرابوو بۆ خستنەڕووی راپۆرتی وەزراتی دارایی و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان سەبارەت بە داهات و خەرجییە گشتییە خەمڵێندراوەكان بۆ شەش مانگی یەكەمی ساڵی داراییی 2018 و خستنەڕووی بژاردەكانی بەردەم حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەگەری رێككەوتن لەگەڵ حکوومەتی فیدڕالیی عێراق یاخود رێكنەكەوتن.

بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تەرخان كرابوو بۆ خستنەڕووی پڕۆژەی چەند بڕیارێكی چاكسازی لە بواری رێكخستنەوەی كەرتی وەزیفەی گشتی و خانەنشینی و مووچە (لە كەرتەكانی مەدەنی و سەربازی و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ).

سەرەتای كۆبوونەوەكە هەریەك لە جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێری پەرلەمان، وێڕای بەخێرهێنانی شاندی حکوومەت، كۆبوونەوەكەیان بە هەنگاوێكی ئەرێنی بەرەو دەستپێكردنەوەی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان پەرلەمان و حکوومەت وەسف كرد و ئامادەیی پەرلەمانیان بۆ هەر هەنگاوێكی جدیی چاكسازی‌كردن لە دامەزراوەكانی هەرێم دەربڕی، بە تایبەت لە نزیكەوە كاركردن و بەدواداچوونی لیژنەكانی پەرلەمان بۆ كاروباری وەزارەتەكانی حکوومەت.

پاشان سەرۆكی حکوومەتی هەرێم سوپاسی پێشوازیی ئامادەبووانی كرد و خۆشحاڵیی خۆی بە ئامادەبوون لە پەرلەمان دەربڕی و رای‌گەیاند: "ئامانجمانە پەرلەمان لە دۆخی دارایی و هەنگاوەكانی حکوومەت بۆ چاكسازی ئاگادار بكەین دوای ئەو قەیران و دۆخەی بەسەر هەرێمدا هات، راستە دۆخێكی تا بڵێی سەخت هاتۆتە پێشەوە، بەڵام بە تەنسیق و هەماهەنگیی نێوان پەرلەمان و حکوومەت دەتوانین ئەو دۆخە تێپەڕێنین".

جەختیشی لەسەر فاكتەری یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكان كردەوە و ستایشی هەڵوێستی فراكسیۆنە كوردستانییەكانیشی كرد كە لە بەغدا بەیەك هەڵوێست بەرگری لە ماف و دەسكەوتەكانی خەڵكی كوردستان دەكەن.

سەرۆكی حکوومەتی هەرێم وتیشی: "هەرچەندە تابلۆی ئێستای پەرلەمان خواستراو نییە بەڵام سەرجەم فراكسیۆنەكان خەمخۆری تێپەڕاندنی ئەو دۆخەن".

دوابەدوای كۆبوونەوەكەش لە كۆنگرەیێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشی نێوان پەرلەمان و حکوومەت، تیشك خرایە سەر ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە و لەوبارەیەوە ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، رای‌گەیاند: "لە كۆبوونەوەكەدا دوو بژاردە باس كراوە ئەوانیش رێككەوتن یان رێكنەكەوتن لەگەڵ بەغدا بوون، هەردوو ئەگەرەكەش بەوردی گفتوگۆی لەسەر كرا و هەموو ئەگەرەكانیش بۆ دابینكردنی مووچە تاووتوێ كران".

وتیشی: "هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ نیوە كەمی كردووە و داهاتەكەشی كەم بۆتەوە بۆ نیوە، كە دوای دەركردنی خەرجی تەنها 400 ملیار بۆ مووچە دەمێنێتەوە".

هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، رای‌گەیاند: "سندوقی خانەنیشنی كارادەكرێت و میكانیزمی خانەنیشنی كاری پێدەكرێت و پێداچوونەوە بەخانەنیشنی دەكرێت و لەگەڵ پەرلەمانیش یەكدەنگین لەسەر بەدەستهێنانی مافی خەڵكی كوردستان و خەڵك هەیە چەندین ساڵ خزمەتی كردووە و خەڵكیش هەیە لە دامەزراوە كاتی خانەنیشنیی نەهاتووە، بەڵام خانەنیشن كراوە و ئێستا ناكرێت بە یەكچاو سەیریان بكرێت".

وتیشی: " پێداچوونەوە بە دەرماڵەی سەرجەم وەزارەتەكان دەكرێت و هەر كەسێك شایستەی مووچە نەبێت، مووچەی پێنادرێت و كاتی ئەوە هاتووە چاكسازیی گەورە و جدی لە لیستی مووچەخۆران بكرێت و نابێت خەڵكی شایستە بكرێتە قوربانی".

سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەشكرد، كە بەم نزیكانە كۆمپانیای دیلۆت كە وردبینی لە فرۆشتن و داهاتی نەوت دەكات دێتە پەرلەمان.

سەبارەت بە ئامادە نەبوونی ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەكان لە كۆبوونەوەكەدا، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران گووتی: "لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەشداربووە، بەڵام ئەمڕۆ نەتوانرا بەشداری كۆبوونەوە بكات".

سەبارەت بەو پڕۆژە یاسایەی كە ئەمڕۆ فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی پێشكەشی كردووە تایبەت بە چاكسازیی سیاسی و ئابووری، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران وتی: "پڕۆژەكە خاڵی گرنگی تێدایە".

باسی لەوەشكرد، ئەو بڕەی بۆ هەرێم لە پرۆژە یاسای بودجە دیاریكراوە زۆر كەمترە لەو بڕەی ئێستا بەپاشەكەوتەوە دەدرێتە مووچەخۆران و رای‌گەیاند: "بەهیچ شێوەیێک باس لەوە نەكراوە هەشت سەد ملیار دینار كۆبكرێتەوە و ئینجا مووچە دابەش بكرێت و كێشەی گەورە لەگەڵ بەغدا لەسەر جێبەجێ نەكردنی دەستوورە یاخود دوو مانگ جارێك نیو مووچە بدرێت ئەمانە بەهیچ شێوەیێک قسەی لەسەر نەكراوە".

هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەكانی دارایی و كاروباری ئابووری و پیشە سازی و وزە و سامانە سروشتییەكان لەپەرلەمانی كوردستان، رای‌گەیاند: "لەگەڵ شاندی حکوومەت بەوردی باس لە هەموو ئەگەرێك كراوە بۆ دابین كردنی مووچە و پێویستە لەمەودوا داهات بۆ پەرلەمان روونبكرێتەوە، چوونكە دۆخەكە زۆر خراپە و قۆناغی داهاتوو قۆناغی چاكسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەبێت".

وتیشی: "پێویستە هەمووان بەیەكەوە هاوكار بین بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە، چوونكە دۆخەكە زۆر هەستیارە و پێویستیی بە یەكدەنگی هەیە لە پێناو تێپەڕاندنی".

شێركۆ جەودەت، وتیشی: "نابێت مووچەخۆری راستەقینە بكرێتە قوربانیی مووچەخۆری وەهمی، بەڵكوو پێویستە بەوردی مووچەخۆرانی راستەقینە جیا بكرێتەوە لەو مووچەخۆرانەی كە وەهمین".

هەروەها باسی لەوەش کرد: "شاندێكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات و وەك دەستپێشخەرییێک بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا".

سەرچاوە: شارپرێس

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 9279

Your Comment

You are replying to: .
captcha