وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: پشتگیریی کورد دەکەین لە جێبەجێ کردنی دەستووری عێراق بەتەواوی

به‌شی جیهان- وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕای­گەیاند: شانبەشانی کورد دەوەستن و پشتگیرییان دەکەن لە جێبەجێ کردنی دەستووری عێراقدا بە تەواوی.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، دوێنێ رێکس تیلەرسن لە "دیداری دامەزراوەی ئەتلانتیکی ئەنجومەنی کۆریا بۆ ٢٠١٧"دا وتی: سیاسەتی ئێمە هەمیشە لەگەڵ یەکپارچەییی خاکی عێراق دایە. ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان کە چەند مانگێک لەمەوبەر ئەنجام درا دژی ئەو یەکپارچەییە بوو.

ڕاشی­گەیاند: کار دەکەین بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەین هەرێم و بەغدا بە یەکپارچەیی دەمێننەوە و پشتیوانیی کەم کردنەوەی توندوتیژییەکان و کارکردن بەپێی دەستوور دەکەین کە هەرگیز بەتەواوی جێبەجێ نەکراوە.

وتیشی: شانبەشانی کورد دەوەستین و پشتگیرییان دەکەین لە جێبەجێ کردنی دەستووری عێراق بە تەواوی و کاتێکیش جێبەجێ کرا باس لەو سکاڵا و داوایانە دەکەین کە کورد هەیبوون و هیواخوازیشین ئەوە ببێتە هۆی عێراقێکی یەکگرتوو.

ئەوەش لەکاتێک دایە کە ڕۆژی ٢٥ی سێپتێمبێری ئەمساڵ، سەرەڕای ناڕەزاییەکان لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی دیکەوە هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام دا، ئەوەش وای کرد پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا پێ بنێتە قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزییەوە و تا ئێستا چارەسەر نەکراوە.

سه‌رچاوه‌: NRT

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 9249

Your Comment

You are replying to: .
captcha