نووسینگەی عەبادی: ناونەهێنانی پێشمەرگە هەڵەی چاپ بوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەعد حەدیسی لەبارەی ناونەهێنان و ستایش‌نەکردنی رۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا لەلایەن عەبادییەوە روون‌کردنەوە دەدات و دەڵێت بەهۆی هەڵەی چاپەوە بووە. لەبارەی دەست‌پێکردنی دانوستاندنیش دەڵێت چاوەڕوانی کردارن لە هەرێمی کوردستان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس سەعد حەدیسی، گوتەبێژی نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک‌وەزیرانی عێراق رای‌گەیاند: "ئەوەی رووی دا بەدڵنیاییەوە بەمەبەست نەبوو و هەڵەی چاپ بوو، بەڵگەی ئەوەش گوتارەکە هەموار کرایەوە و بە زمانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی و کوردی بڵاو کرایەوە".

ئاماژەی بەوەش کرد کە عەبادی دوای ئەوە گوتارێکی دیکەی پێشکەش کرد و جەختی لەسەر رۆڵی پێشمەرگە کردەوە کە هێزێکە لە چوارچێوەی سستەمی بەرگریی عێراق و لە شەڕی دژی داعشدا بەشدار بوو.

لەبارەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقیش سەعد حەدیسی باسی لەوە کرد کە حکوومەتی عێراق چاوەڕوانە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستە ئەرێنییەکانی لەبارەی پابەندبوون بە یەکێتیی عێراق و رێزگرتن لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بە کردەوە بسەلمێنێت.

گوتەبێژی عەبادی جەختیشی کردەوە کە حکوومەتی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری دەستووریی دەرکردوون، پێویستە هەرێمی کوردستان بە کردەوە بەو بڕیارانە پابەندبێت بۆ دەست پێکردنی دانوستاندن لەبارەی سنوور و دەسەڵاتە سەروەرییەکان و بواری ئەمنی و سامانی نەوت. ئاماژەی بەوەش کرد کە چاوەڕوانن هەرێمی کوردستان دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان بخاتە ژێر دەسەڵاتی فیدراڵی.

حەیدەر عەبادی، سەرۆک‌وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، رۆژی شەممە 9-12-2017، لە گوتارێکدا کۆنترۆڵ کردنەوەی تەواوی خاکی عێراق و کۆتایی‌هاتنی شەڕی داعشی راگەیاند، پاشان رۆژی یەکشەممەی بەم بۆنەیەوە کردە پشووی فەرمی.

عەبادی لە گوتارەکەیدا یەک بە یەک ناوی هەموو هێزەکانی بەشدار لە شەڕی داعشی هێنا، بەڵام بە وشەیێکیش ئاماژەی بە پێشمەرگە نەکرد، لەکاتێکدا پێشمەرگە هەزار و 824 شەهید و زیاتر لە 10 هەزار برینداری لەو شەڕە دا، ئەمەش ناڕەزایەتیی تووندی لە هەرێمی کوردستان لێکەوتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60105

News Code 9238

Your Comment

You are replying to: .
captcha