دوکتۆر ڕه‌سووڵ خزری نوێنه‌ری سه‌رده‌شت و پیرانشار له‌و باره‌یه‌وه به هه‌واڵنێری کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: به به‌ستراو مانه‌وه‌ی سنووری فه‌رمیی ته‌مه‌رچینی پیرانشار وه‌کوو داڵغه‌ی سه‌ره‌کیی ئه‌و شاره کێشه‌ی فراوانی بۆ سنوورنشینانی ناوچه‌که دروست کردووه.
ناوبراو درێژه‌ی پێدا: داکۆکییه‌کان له‌پێناو کردنه‌وه‌ی سنووری ته‌مه‌رچین به‌و ئه‌نجامه گه‌یشت که ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران له دانیشتنێکی تایبه‌تدا ئه‌و پرسه دیراسه ده‌کات.
خزری ئاشکراشی کرد: بڕیار وایه له‌و دانیشتنه تایبه‌ته‌دا سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی په‌رله‌مان، سکرتێری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و وه‌زیری ناوخۆ به‌شداری بکه‌ن.
ئه‌و نوێنه‌ره‌ی په‌رله‌مان گوتیشی: له کۆبوونه‌وه‌یێک له‌گه‌ڵ برووجێردی سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان له ڕێگای ته‌له‌فۆنه‌وه پێوه‌ندی به ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کرا و ڕاگه‌یێندرا تا ئه‌و کاته‌ی حکوومه‌تی ناوه‌ندیی عێراق به کرداری ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر کردنه‌وه‌ی سنووری حاجی عومه‌ران ده‌رنه‌بڕێت هه‌ر چه‌شنه پێداگرییێک بۆ کردنه‌وه‌ی سنووری ته‌مه‌رچین ده‌رئه‌نجامی ئیجابیی نابێت.
ئه‌ندامی کۆمیسیۆنی کۆمه‌ڵایه‌تیی په‌رله‌مان ئه‌وه‌شی خسته ڕوو به به‌ستراو مانه‌وه‌ی سنووری ته‌مه‌رچینی پیرانشار وه‌کوو داڵغه‌ی سه‌ره‌کیی ئه‌و شاره کێشه‌ی فراوانی بۆ سنوورنشینانی ناوچه‌که دروست کردووه.
خزری زیادی کرد: به گوێره‌ی ماده‌کانی 3، 29 و 30 ئه‌رکی سه‌ر شانی ده‌وڵه‌ته ته‌گبیری پێویست بۆ بژێوی ژیانی هاووڵاتیان بگرێته به‌ر و داوا له ده‌وڵه‌تیش ده‌که‌ین هه‌نگاوی شایسته له‌و باره‌یه‌وه هه‌ڵبگرێت.
نوێنه‌ری پیرانشار درێژه‌ی پێدا: ئه‌گه‌ر بڕیار نییه سنووری ته‌مه‌رچین بکرێته‌وه لانی‌که‌م ده‌بێت گوژمه‌ی پێویست بۆ 30 هه‌زار که‌س له حه‌شیمه‌تی ئه‌و ناوچه بێبه‌شه دابین بکرێت که زۆرینه‌شیان چینی هه‌ژاری کۆمه‌ڵگا و کۆڵبه‌رن.
ڕه‌سووڵ خزری له کۆتاییدا هیوای ئه‌وه‌شی خواست دانیشتنێکی خێرا به‌ڕێوه بچێت و ڕێوشوێنێکی گونجاو بگیردرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌کان زیاتر له‌وه گرفتاری بۆ خه‌ڵکی ناوچه‌که دروست نه‌که‌ن.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment