له‌ تورکیا له‌باره‌ی قودسەوە خۆپیشاندان ئه‌نجام درا

به‌شی تورکیا- له‌ تورکیا له ‌باره‌ی قودس خۆپیشاندان ئه‌نجام درا و بڕیاره‌که‌ی تره‌مپ ڕه‌ت کرایه‌وه‌ و پاڵپشتی له‌ قودس کراوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به‌هۆی بڕیاره‌که‌ی دۆناڵد تره‌مپ به‌ ناساندنی قودس وه‌ک پایته‌ختی ئیسرائیل و بڕیاری گواستنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ ته‌لئه‌بیبه‌وه‌ بۆ قودس، خۆپیشاندان و مانگرتن شه‌قامه‌کانی وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌کان و جیهانی ئیسلامی ته‌نیوه‌.

له‌ تورکیا خۆپیشاندانه‌کان فراوان بوون و هه‌زاران که‌س له‌ ئه‌نقه‌ره‌، ئه‌سته‌نبوڵ و ئامه‌د چوونه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و دروشمیان دژی تره‌مپ گوته‌وه.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ رێگه‌ی باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌که‌ی له‌ ئه‌نقه‌ره‌، هۆشداری به‌ هاووڵاتییانی ده‌دات خۆیان له‌ خۆپیشاندانه‌کانی به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ له‌ ئه‌نقه‌ره‌ و کونسوڵگه‌ری و نوێنه‌رایه‌تییه‌کانیان له‌ ئه‌سته‌نبوڵ، ئادانا، ئیزمیر و پارێزگاکانی دیکه‌ به‌دوور بگرن.

باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ هێڵی گه‌رمی په‌یوه‌ندی کردنی دامه‌زراندووه‌ و له‌ رێگه‌ی کورته‌نامه‌ ئاراسته‌ی هاووڵاتییه‌کانی کردووه‌ته‌وه‌ له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ر دۆخێکی نه‌خوازراودا په‌یوه‌ندییان پێوه‌ بکه‌ن.

ڕۆژی 6ی دیسێمبێری 2017 دۆناڵد تره‌مپ قودس - ئۆرشه‌لیمی به‌ پایته‌ختی ئیسرائیل ناساند و بڕیاری گواستنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌که‌ی له‌ ته‌لئه‌بیبه‌وه‌ بۆ ئه‌و شاره‌ واژۆ کرد.

ئه‌مڕۆ له‌ فه‌ڵه‌ستین، مالیزیا، ئه‌نده‌نووسیا، تورکیا، ئێران، پاکستان، عێراق و چه‌ند شارێکی دیکه‌ خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی دژی بڕیاره‌که‌ی تره‌مپ ئه‌نجام درا.

سه‌رچاوه‌: ئانادۆڵۆ

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 9180

Your Comment

You are replying to: .
captcha