به‌یاننامه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌باره‌ی ڕاگه‌یاندنی پاک کردنه‌وه‌ی به‌ ته‌واوه‌تی عێراق له‌ داعش

به‌شی جیهان- وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ به‌یاننامه‌یێکدا ئازاد کرانی عێراق له‌ بنده‌ست چه‌کدارانی داعشی له‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق و خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته‌ پیرۆزبایی کرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی ڕابردوو حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک­وه‌زیرانی عێراق ڕای‌­گه‌یاند: هه‌موو ناوچه‌کانی ژێر کۆنتڕۆڵی داعش له‌ عێراق ئازاد کراون. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکاش له‌ ڕێگای به‌یاننامه‌یێکه‌وه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ خه‌ڵک و سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق پیرۆزبایی ده‌کات.

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی به‌یاننامه‌که‌ که‌ له‌لایه‌ن هیزه‌ر ناورت وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌، هاتووه‌: پاش سێ ساڵ شه‌ڕی بوێرانه‌، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک­وه‌زیرانی عێراق ئازاد کرانی به‌ ته‌واوه‌تی ناوچه‌ جۆراوجۆره‌کانی عێراق له‌ بنده‌ست چه‌کدارانی داعشی ڕاگه‌یاندووه‌. ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان ستایشی سه‌رکردایه‌تیی حه‌یده‌ر عه‌بادییان کرد و هه‌روه‌ها به‌ بۆنه‌ی ئازادبوونی ته‌واوی عێراق له‌ بنده‌ستی داعش له‌ ناخی دڵه‌وه‌ پیرۆزبایییان له‌ خه‌ڵکی عێراق و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان کردووه‌ که‌ زۆربه‌یان گیانی خۆیان له‌ شه‌ڕ دژی داعش به‌خت کردووه‌. ڕاگه‌یاندنی ئازادکردنی عێراق له‌ بنده‌ستی داعش، نیشانه‌ی له‌ناوچوونی دوایین چه‌کدارانی داعش له‌ خه‌لافه‌تی خۆناونراوی داعش و ئازادیی خه‌ڵک له‌ کۆنتڕۆڵی ئه‌و گرووپه‌ له‌و ناوچانه‌یه‌.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ده‌ڵێت: ئازادکردنی عێراق له‌ بنده‌ستی داعش به‌و واتایه‌ نییه‌ که‌ شه‌ڕ دژی تیرۆریزم و ته‌نانه‌ت داعش له‌ عێراق کۆتایی پێهاتووه‌. ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانیی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌رده‌وام به‌ هاوکاری له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی عێراق و مه‌شقی سه‌ربازی و پڕچه‌ک کردنیان درێژه‌ ده‌دات.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا وتوویه‌تی: داعش سیمای ڕاسته‌قینه‌ی خۆی به‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ منداڵان و خه‌ڵکی سڤیل وه‌کوو قه‌ڵغانی مرۆڤی و به‌کارهێنانی مزگه‌وت، نه‌خۆشخانه‌، زانستگا و قوتابخانه‌کان وه‌کوو بنکه‌ی سه‌ربازی و هه‌ماری جیهازاتی سه‌ربازی نیشان دا. هاوپه‌یمانیی جیهانی شانازی به‌وه‌ ده‌کات که‌ پشتیوانی له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی عێراق کردووه‌ که‌ بوێرانه‌ بۆ شکستی تیرۆریسته‌کان شه‌ڕیان کرد.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ کۆتاییدا وتوویه‌تی: ئه‌مریکا له‌ ڕێگای ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراقه‌وه‌ پاڵپشتی خۆی له‌ خه‌ڵکی عێراق و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کان درێژه‌ ده‌دات.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 9151

Your Comment

You are replying to: .
captcha