بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتى سامانە سروشتییەکان لە ڕوونکردنەوەیێکدا ڕای­دەگەیێنێت: سەرتاپای ئەم ھەواڵە ڕەت دەکەینەوە، و بەپێی فەرمانی وەزاریمان ژمارە ٦٨٨٤ لە ٥/١٢/٢٠١٧ ئەم نەوتە بە نرخی برێنت ١٨ دۆلار فرۆشراوە واتە نرخی برێنت چەندبێت بە ١٨ دۆلار کەمترە، بۆ نموونە ئەگەر نرخی برێنت ٦٣ دۆلار بێت لە بازاری جیھانیدا ئەوە واتا بە ٤٥ دۆلار فرۆشراوە، کە ئەم نرخە لە بەرژەوەندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە.
ڕوونکردنەوەکە ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە: لەبەر کوالێتی نەوتە خاوەکە کە قورسە و کبریتی تێدایە، ھەروەھا تێچوی گواستنەوەی بۆ ھەناردە کردن بۆ دەرەوەی وڵاتیش ئەم نرخە ناکات، بەڵکوو لە بەندەری جەیھانیش نەوتى هەرێم ٢ دۆلار کەمتر دەکات لە نرخى برێنت. واتە بۆ ئێمە ٢ دۆلار باشترە و ھەر لەبەر ئەمەش کڕیارە ناوخۆییەکە بە شێوەی قەرزی کاش وەری گرتووە و کۆمپانیای بەرھەمھێنەریش ئاگادارە.
لە کۆتایى ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە: باشتر وابوو ئەو دوو پەرلەمانتارە پرسیاریان لە وەزارەت بکردایە تا وەڵامیان دەست دەکەوت نەک تەنھا بە مەبەستی ئاژاوەچێتی و سەر لێشێوانی ھاوڵاتییان بێت کە بەداخەوە ھێشتا بەردەوامن لەسەر ئەم رەفتارانەیان لەم قەیرانەدا، لە مەبەستی نووسراوەکانمان تێناگەن و نایانەوێت تێبگەن و بە شێوەی ھەڵە لێکیدەدەنەوە و بڵاوی دەکەنەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە هەواڵێکدا هاتووە: بە فەرمانى وەزیرى سامانە سروشتییەکانى هەرێم، ڕۆژانە بڕى ١٣ هەزار بەرمیل نەوتى کێڵگەى شێخان بە نرخێکى کەم دەفرۆشرێت بە کۆمپانیایێک.
سەرچاوە: NRT
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment