بڕیاره‌که‌ی ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به‌ قودس پێشێلکاریی په‌یڕه‌وی نێوده‌وڵه‌تییه‌

به‌شی ئێران/ کوردی- وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا کاردانه‌وه‌ی به‌ بڕیاری تره‌مپ بۆ گواستنه‌وه‌ی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ تێل ئه‌بیبه‌وه‌ بۆ قودس پیشان داوه‌ و ده‌ڵێت: ئه‌و بڕیاره‌ پێشێل کردنی سه‌رله‌به‌ری ڕێککه‌وتنی نێوده‌وڵه‌تییه‌ له‌باره‌ی شاری قودسه‌وه‌ و دژ به‌ نه‌خشه‌ڕێگای واشنتۆنه‌ بۆ ئاسایی کردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ جیهانی عه‌ره‌ب.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سێرگه‌ی لاڤرۆف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا پاش دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی وڵاتانی ئه‌ندامی ڕێکخراوی ئاسایشی ئه‌ورووپا له‌ ژێنێڤ له‌ پرێس کۆنفڕانسێکدا وتی: مۆسکۆ چاوه‌ڕوان ده‌کات واشنتۆن سه‌باره‌ت به‌ بڕیاره‌که‌ی خۆی له‌باره‌ی شاری قودسه‌وه‌ وه‌کوو پێته‌ختی ئیسرائیل و گواستنه‌وه‌ی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ تێل ئه‌بیبه‌وه‌ بۆ ئه‌و شاره‌ ڕوونکردنه‌وه‌ بدات.

لاڤرۆف گوتیشی: ڕێکس ته‌یله‌رسن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ دیدارێکیدا له‌گه‌ڵ ناوبراو له‌ ڤییه‌ن ئاماژه‌ی به‌ گرێبه‌ستێک به‌ ناوی "مامه‌ڵه‌ی سه‌ده‌" کردبوو بۆ چاره‌سه‌ری ناکۆکیی نێوان فه‌له‌ستین- ئیسرائیل. بێگومان ئێمه‌ش حه‌ز ده‌که‌ین باشتر له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌مریکا له‌وباره‌یه‌وه‌ تێبگه‌ین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لێدوانه‌که‌ی ئه‌مدواییه‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌باره‌ت به‌ قودس پێشێل کردنی سه‌رله‌به‌ری ئه‌و ڕێککه‌وتنانه‌یه‌ که‌ تا ئێستا له‌و باره‌یه‌وه‌ گه‌شتوونه‌ته‌ ئه‌نجام. له‌ هه‌مان کاتدا دژ به‌ هه‌موو عه‌قڵییه‌تی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ ئه‌مریکایه‌ بۆ ئاسایی کردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ جیهانی عه‌ره‌ب.

شیاوی ئاماژه‌یه‌؛ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا بڕیاری به‌ فه‌رمی ناسینی قودس وه‌کوو پێته‌ختی ئیسرائیلی واژۆ کرد و ڕای‌گه‌یاند: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ ئاماده‌کاری بکات بۆ گواستنه‌وه‌ی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ تێل ئه‌بیبه‌وه‌ بۆ قودس.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 9111

Your Comment

You are replying to: .
captcha