عەبادی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە دەستکەوتێکی سیاسی دەزانێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ڕای­گەیاند: سەرۆک وەزیرانی عێراق پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بە پرسە سیاسییەکان پەیوەست کردووە و وەکوو دەسکەوتێکی سیاسی بۆ خۆی دەزانێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمین بەكر جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد: عەبادی بیانووی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بۆ نەناردنی بودجە دەگەڕێنێتەوە.

ئەمین بەكر دەڵێت: حەیدەر عەبادی رای­گەیاندووە كە چاوەڕوان دەكات لایەنەكانی هەرێم لە نێوان خۆیاندا ڕێک بكەون ئەوكات بودجە دەنێرێت و پێشوازی لە وەفدی هەرێم دەكەن، بەڵام ئەوەش دەری دەخات كە عەبادی كێشەیێكی سیاسی پەیوەست كردووە بەكێشە داراییەكان، ئەگەرنا ئەو بڕە پارەیەشی لە چوارچێوەی بودجە بۆ هەرێم دیاری كراوە زۆر كەمە و بەشی هیچ شتێک ناكات.

لە بارەی لێدوانەكەی سەرۆک وەزیرانی عێراق كە ڕای­گەیاندبوو لایەنێک لە هەرێم داوای كردووە تا یەكلا بوونەوەی كێشەكان، بودجە ڕەوانە نەكات، ئەمین بەكر بە دووری زانی هیچ لایەنێک ئەو داوایەی كردبێت و وتی: هیچ لایەنێک لاری لەوە نییە كێشەی موچەی هەرێم چارەسەر بكرێت.

بەوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران، عەبادی دەیەوێت بڕێک پارە بە ویستی خۆی بنێرێت و كاتێكیش ئەو پارەیە دەنێرێت هەموو سازشێک بەهەرێم بكات، جگە لەوەش بیكاتە دەستكەوتی سیاسی و دەشڵێت: لە بەرئەوەی لە بەردەم هەڵبژاردنیشداین، عەبادی فێڵی زۆرە بۆ رازی كردنی ئەمریكا و وڵاتان بە هەندێک دەستەواژە، بودجە زیاد ناكات یاخود ئەگەر ڕێكەوتنیش بكات بەشی پێویستییەكانی هەرێم ڕەوانە ناكات.

سەرچاوە: SNN

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 9104

Your Comment

You are replying to: .
captcha