حکوومەت وەڵامی عەبادی دەداتەوە ..لەبارەی مووچەخۆرانەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی وتەبێژەكەیەوە وەڵامی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەداتەوە و رای­دەگەیەنێت"حكوومەتی فیدراڵ تا ئێستا هیچ لیستێكی لە حكوومەتی هەرێم داوا نەكردووە، بۆیە ئاگادار نین و كام لیستانەن كە خەریكی لێ­وردبوونەوەیانە" و دەشڵێت: بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەكان بەتەنیا دەسەڵاتی حكوومەتی فیدراڵ نییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس سەفین دزەیی وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا دەربارەی لێدوانەكانی رۆژی 5ی كانوونی یەكەمی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، دەڵێت: چەندین جارە باسی ئەوە دەكات گوایە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بۆ ئەمەش خەریكی وردبوونەوەن لە لیستەكانی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵام حكوومەتی فیدراڵ تا ئێستا هیچ لیستێكی لە حكوومەتی هەرێم داوانەكردووە، بۆیە ئاگادار نیین و نازانین ئەوانە كام لیستانەن كە عەبادی خەریكی لێ­وردبوونەوەیانە.

ناوبراو ئاماژە بەوەش دەدات كە خەڵكی كوردستان ئیتر باش لەوە تێگەیشتووە كە "ئەوە لە لێدوانی میدیایی بترازێ، هیچی تر نییە، بۆیە هیچ متمانەیێكی بەو قسانە نەماوە".

دەربارەی بابەتی دەروازە سنوورییەكان و بەردەوامیی داخستنی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستانیش، دزەیی رای­دەگەیەنێت، بەپێی ماددەی (114)ی دەستووری عیراق، بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەكان بە تەنیا دەسەڵاتی حكوومەتی فیدراڵ نییە، بەڵكوو بە هاوبەشی لەگەڵ هەرێم بەڕێوە دەبرێت، بۆ ئەم مەبەستەش حكوومەتی هەرێم ئامادەی هاوكاری و هەماهەنگییە.

لەبارەی داخستنی فڕۆكاخەكانیش وتەبێژەكەی حكوومەتی هەرێم، دەڵێت: ئەوە سزادانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانە، سزادانی ئەو نەخۆش و پێشمەرگانەیە كە لە كاتی بەرگری لە هەرێمی كوردستان و لە عیراق لە شەڕی دژی داعشدا بریندار بوون و پێویستییان بەچارەسەرە لە دەرەوەی وڵات.

دزەیی دەشڵێت"سەفەر كردن لە ڕێگەی فڕۆكەخانەكانی بەغدا، یان شارەكانی دیكەی عیراقەوە هێندە ئاسان نییە وەك بەڕێز عەبادی باسی دەكات، هەم تێچووی سەفەر لەسەر هاووڵاتییان زیاد دەكات، هەم كاتێكی زۆریان دەگرێت".

دەربارەی حكوومەتی هەرێم و كێشە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیش دزەیی راشی­گەیاندوە: كاتی ئەوەمان نییە باسی ئەو هەموو كێشە و كەم­وكوڕییانە بكەین كە هەر لەسەرەتای دەست­بەكاربوونی كابینەكەی عەبادییەوە بەرۆكی حكوومەتەكەی گرتوون، ئەمە بابەتی ئێمە نییە و هیچ سوودێكیشی بۆ ئەم دۆخە نییە.

دەربارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش، دزەیی وتوویەتی:شەرعییەتی لە پەرلەمان و گەلی كوردستان وەرگرتووە و هیچ پێویستییێكی بە شەرعیەت­پێدانی خەڵكی دیكە نییە، بە شێوەیێكی یاساییش بە دوو خولی تەشریعی لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان بەردەوام دەبێت و دەسەڵاتی تەواوی بەسەر هەموو كایەیێكی هەرێمی كوردستاندا هەیە.

دزەیی دووپاتی دەكاتەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە، "ڕاستگۆیانە و بە نیازپاكییەوە داوای گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەكات، بەڵام ئەوەی كە وەڵام ناداتەوە و تەنیا لە ڕێگەی میدیا و كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەوە ـ بۆ پڕۆپاگەندە، نەك بۆ چارەسەر ـ بەردەوام باسی چارەسەر و لێكگەیشتن و دەستوور و هاووڵاتی­بوون و ئەو دەستەواژانە دەكات، عەبادییە، ئەمەش بەدڵنیاییەوە هیچ خزمەتێك بە دۆخەكە ناكات و نابێتە هۆی چارەسەرێكی جددی بۆ كێشەكان، بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆی بەردەوامیی ناسەقامگیری".

سەرچاوە: snnc

News Code 9091

Your Comment

You are replying to: .
captcha