پیلانی زلهێزان هه‌ره‌سی هێناوه/ ناوچه‌که‌ له‌ تیرۆر و ئیرهاب ڕزگار بووه‌

به‌شی ئێران/ کوردی- سه‌رۆک کۆماری ئێران که‌ به‌شداری کۆڕبه‌ندی ئیسلامی بووه‌ له‌ لێدوانێکدا وتی: سه‌رله‌به‌ری ئه‌و پیلانانه‌ی زلهێزان دژ به‌ گه‌لانی ناوچه‌که‌ ڕشتبوویان پووچه‌ڵ کراونه‌ته‌وه‌ و سووریا و یه‌مه‌ن و عێراق له‌ ده‌ست تیرۆر و ئیرهاب ڕزگار ده‌بن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئێران له‌ کۆڕبه‌ندی نێوده‌وڵه‌تیی یه‌کێتیی ئیسلامیدا پیرۆزباییی سه‌رکه‌وتنی شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆری کرد و ڕای‌گه‌یاند: گه‌لانی سوپای عێراق، سووریا و لوبنان و هه‌موو ئه‌و گه‌لانه‌ی له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆردا پاڵپشتی ئه‌و وڵاتانه‌ بوون ئه‌مڕۆکه‌ پێ خۆشحاڵ و سه‌رفرازن بۆ ئه‌وه‌ی بنه‌مای تیرۆر له‌ ناوچه‌که‌دا داڕماوه‌.

ڕۆحانی زیادیشی کرد: ئه‌و پیلانه‌ گه‌وره‌یه‌ی زلهێزانی جیهان و ڕژێمی زایۆنی دژ به‌ گه‌لانی ناوچه‌که‌ دایانڕشتبوو تا ڕاده‌یێکی زۆر هه‌ره‌سی هێناوه‌ به‌ڵام پێویسته‌ موسڵمانان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆردا به‌رده‌وام بن تا ئه‌و کاته‌ی به‌ ته‌واوه‌تی بکه‌رانی تیرۆر و تاوانباران له‌ ناوچه‌که‌دا بنبڕ ده‌کرێن.

ناوبراو وتیشی: ئه‌وانه‌ی له‌ عێراق دژ به‌ تیرۆر شه‌ڕیان کردووه‌ حه‌قی زۆریان به‌ مل گه‌لانی ناوچه‌که‌وه‌ هه‌یه‌ و ئاسایش و سه‌قامگیریی ئه‌مڕۆکه‌ به‌ بۆنه‌ی به‌رخۆدان و شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆری ئه‌وان بووه‌. دیاره‌ مه‌ترسیی تیرۆر ته‌نها بۆ ناوچه‌که‌ نه‌بوو به‌ڵکوو هه‌ڕه‌شه‌ بوو له‌ سه‌ر ئه‌مریکا و ئه‌ورووپاش هه‌ر بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی خوازیاری سه‌قامگیری و ئاسایشی جیهانین ده‌بێ مه‌منوونی هه‌موو ئه‌و خه‌باتکارانه‌ بن که‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆردا خۆڕاگرییان نواند.

سه‌رۆک کۆماری ئێران جه‌ختیشی کرده‌وه‌: گومانی تێدا نییه‌ سووریا له‌ تیرۆریزم ڕزگاری ده‌بێت و ده‌رئه‌نجام گه‌لی عێراقیش زیاتر له‌ هه‌موو کاتێک یه‌کگرتوو و یه‌کڕیز ده‌بن به‌ کورد و سوننه‌ و شیعه‌وه‌ ژیانێکی ئاشتییانه‌ و برایانه‌ بۆ خۆیان پێکده‌هێنن.

شیاوی ئاماژه‌یه‌؛ 31هه‌مین کۆڕبه‌ندی نێوده‌وڵه‌تیی یه‌کێتیی ئیسلامی ڕۆژانی 14 بۆ 16ی مانگی سه‌رماوه‌ز له‌ شاری تاران به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌/ 14ی سه‌رماوه‌ز ده‌ستی پێکردووه‌ و له‌و کۆڕبه‌نده‌دا زانایان و خاوه‌ن‌بیرانی زیاتر له‌ 90 وڵاتی جیهان به‌شدار بوون.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 9025

Your Comment

You are replying to: .
captcha