یوئێن و ئەنجوومەنی ئاسایش لە هەوڵی بەردەوامدان تا کێشەی هەولێر و بەغدا بە ئاشتیی چارە بکرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە یان کۆبیش نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەو دیدارەدا رای گەیاند: نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی هەرچی زووتر بە شێوەیێکی ئاشتییانە کێشەکانی نێوان هەردووولا چارە بکرێن.

یان کۆبیش جەختی لە سەر هەڵوێستی نەتەوەیەکگرتووەکان کردەوە و وتی خوازیارن هەرچی زووتر بە کردەوە دانووستانی راستەوخۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا دەستپێبکات و ئاماژەی بە ئەوەدا کە دەستوور بنەمای چارەی گشت کێشەکانە و نابێت بە هیچ شێوەیێک پەنا بۆ بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی ببردرێت.

نێردەی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دووپاتی کردەوە، کە نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی هەرچی زووتر بە شێوەیێکی ئاشتییانە کێشەکانی نێوان هەردووولا چارە بکرێن.

لە بەرانبەردا مەسروور بارزانی وێڕای بەرز نرخاندنی هەوڵەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئاماژەی دا کە لە پێناو دەست پێکردنەوەی دانووستانەکان، هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی سەرشانی بەجێ گەیاندووە، بەڵام بەغدا تا ئێستا وەک پێویست هەنگاوی کردەیی نەناوە.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە ئەوە دا کە، کەشی هەڵبژاردنەکان و ململانێ سیاسییەکان لە بەغدا کۆسپی سەرەکیی بەردەم پێشڤەچوونەکانە، بەڵام نابێت هاووڵاتیانی کوردستان باجی ئەم دۆخەی بەغدا بدەنەوە و پێویستە هەرچی زووتر دەست پێکردن و بەڕێوەچوونی دانووستانەکان بە پێی خشتەیێک و بە دیارکردنی کات رێکبخرێت.

مەسروور بارزانی گوتی: لە بەغدا زۆر بانگەشە بۆ جێبەجێ کردنی دەستوور دەکرێت، هەرێمی کوردستانیش خوازیاری جێبەجێ کردنی دەستوورە، بەڵام کۆی دەستوور، نەک تەنیا ئەو ماددانەی کە بەغدا دەستەبژێریان دەکات.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان جەخت لە دەستەبەر کردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی دەکاتەوە.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 9024

Your Comment

You are replying to: .
captcha