بەبێ «پارتی» تورکیا ناتوانێت هێرش بکاتە سەر شەنگال

بەشی سووریا- شرۆڤەکارێکی کوردی سووریا دەڵێت: ئەگەر پارتی دیموکرات ببێتە پێشەنگی سوپای تورکیا لەهێرش کردن بۆ سەر شەنگال، ئەوا ئەردۆغان چرکەیێک ماتڵ نابێت.

«حسێن عومەر» شرۆڤەکاری سیاسی کوردی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە جووڵە نوێکانی تورکیا و هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ سەر شەنگال و کوردستانی سووریا و وتی: نزیک لە دە ساڵە حکوومەتی تورکیا لە ڕێگای جیاواز و جۆراوجۆرەوە هێرش دەکاتە سەر کوردستانی سووریا. ساڵی 2016 ترابلوس و باب و ئەعزاز-ی داگیر کرد. ساڵی 2018 هێرشی کردە سەر عەفرین و پاش 58 ڕۆژ بەرگریی هێزە کوردییەکان ئەو شارە لەلایەن تورکیا و گرووپە تیرۆریستییەکانەوە داگیر کرا. ساڵی 2019 تورکیا جارێکی دیکە هێرشی کرد و ئەمجارەیان گرێ سپی و سەرێکانی لە کوردستانی سووریا داگیر کرد.

ناوبراو درێژەی دا: تورکیا هەموو ساڵ و هەموو ڕۆژێک بەدوای داگیرکاریدایە و ئەمەش تەنها پەیوەندیی بە وتەکانی ئەردۆغانەوە نییە و پرسێکی سیاسیی گشتیی حکوومەتی تورکیایە. ئەمە هەڵمەتێکی کاتی نییە و ئامانجێکی ستراتێژیکە بۆ تورکیا کە بۆ سەردەمی عوسمانیگەری بگەڕێتەوە.

ناوبراو وتیشی: لە ئێستادا دۆخەکە بۆ تورکیا گۆڕدراوە چوونکە بە ئەگەری زۆرەوە هەم ئەمریکا و هەم ڕووسیاش گورێخیی نوێی تورکیا قبووڵ ناکەن، بەڵام هێشتا کوردستانی سووریا مەترسیی لەسەرە.

حسێن عومەر ئاماژەی دا بە بوونی مەترسی لەسەر شەنگال و وتی: لە ئێستادا شەنگال مەترسیێکی گەورەی لەسەرە. حکوومەتی ناوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر شەنگال ناکۆکن. ساڵی 2014 کاتێک کە پارتی بە کەمترین پێکدادان شەنگالی چۆڵ کرد، پەکەکە و هێزەکانی پاراستنی گەل بۆ یارمەتیی ئێزدییەکان چوونە شەنگال و 150 هەزار کەسیان لە مەرگ ڕزگار کرد.

ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە ڕاشیگەیاند: پاش ئەوە خەڵکی شەنگال دەستیان کرد بە پێکهێنانی هێزێک لەژێر ناوی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال تاکوو ڕێگری لە پێشڕەویەکانی داعش بکەن. دامەزراندنی ئەو هێزە لەلایەن هێزەکانی پارستنی گەل و پەکەکە-وە زۆر پێویست بوو چوونکە ئەگەر ئەو هێزە پێکنەهێنرابا داعش بەتەواوی دەستی بەسەر شەنگالدا دەگرت.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: پارتی دیموکرات کاتێک دەبینێت ڕۆڵێک لەو ناوچەیەدا ناگێڕێت بە یارمەتیی ئەمریکا بەدوای جێبەجێ کردنی پلانێکدایە بۆ شەنگال و بەهۆی کێشەی کۆنی پەکەکە و پارتییەوە ئەم حزبە نایەوێت هێزەکانی بەرخۆدانی شەنگال لەو ناوچەیەدا بمێننەوە.

حسێن عومەر زیاتر وتی: پارتی دەیهەوێت یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال ناوچەکە چهڵ بکەن و خۆی لەوێدا جێگیر بێت و ئەمەش ناکۆکییەکان زیاتر دەکاتەوە.

شرۆڤەکارە سیاسییەکە دەشڵێت: ئێستا تورکیا داخڵی پرسەکە بووەتەوە و هاوپەیمانیێک لەنێوان بەغدا و تورکیا و هەولێردا پێکهاتووە. تورکیا بەدوای دۆزینەوەی هاوپەیماندایە و پاش سەردانی وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە بۆ بەغدا و هەولێر ڕەنگە ڕێککەوتنێک کرابێت. تورکیا لە شەڕەکانی دەروەی سنووردا هیچ کات شەڕ ناکات ئەگەر گرووپێک هاوڕێیی نەکەن. لەم بابەتەشدا تورکیا دەیهەوێت بۆ ئاسایی نیشان دانی هەڵمەتەکانی لە هزری جیهانیدا گرووپێکی خۆجێیی وەکوو هاوڕێ لەدژی شەنگال بەکار بێنێت.

حسێن عومەر دەڵێت: پرسی ئەمڕۆی شەنگال بەسراوە بە پارتییەوە، ئەگەر پارتی دیموکرات ببێتە پێشەنگی سوپای تورکیا لەهێرش کردن بۆ سەر شەنگال، ئەوا ئەردۆغان چرکەیێک ماتڵ نابێت.

ناوبراو زیادی کرد: ئەگەر پارتی ئەم بابەتە قبووڵ نەکات کارەکە بۆ تورکیا دژوار دەبێت و تورکیا تەنها دەتوانێت لەئاسمانەوە هێرش بکاتە سەر شەنگال و لە ڕێگای زەوینییەوە دەستی بەسراو دەبێت.

ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە ئاماژەشی دا بە هەڕەشە کردن لەسەر ناوچەی دێرک لە نزیک سێگۆشی سنووریی عێراق و تورکیا و سووریا و وتی: هەڕەشەیێکی نوێش بۆسەر دێرک هەیە و ئەو ناوچە لە خاڵێکی هەستیاردا هەڵکەوتووە. هەورەها شەوی ڕابردوو گرووپە خراپکارەکانی سەربە تورکیا دووبارە هێرشێکیان بۆسەر عەین عیسا ئەنجام دا کە ئەنجامی بۆیان نەبوو. بەگشتی هەڕەشەکان بۆسەر کوردستانی سووریا جیددین.

حسێن عومەر لەبارەی سیاسەتی بایدن-ەوە لەبارەی کوردستانی سووریا وتی: سیاسەتی بایدن لەبارەی کوردستانی سووریا ڕوون نییە. کورد ئەزموونێکی باشی لە سیاسەتی ئەمریکا نییە و ئەمریکییەکان دەبوو بەبۆنەی هاوپەیمان بوونیان لەگەڵ کورد لەشەڕی داعشدا ڕێگرییان لە هێرشی تورکیا دەکرد کە ئەوەشیان ئەنجام نەدا.

ناوبراو درێژەی دا: ئەوەی کە ئەمریکا چ دەکات هێشتا دیار نییە بەڵام بەپێی ئەزموونی ڕابردوو "برێت مەکگورک" نوێنەری نوێی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پێشینەی هاوکاریی لەگەڵ کورد هەیە مەییلی هاوکاری کردنی دووبارەی لەگەڵ کوردەکان هەیە و بەشێوازێک دژی سیاسەتەکانی تورکیایە لە سووریا.

ناوبراو وتیشی: تورکیا بەدوای زیدنوو کردنەوەی پەیمانی بەڵێنی نیشتمانیدایە و دەیهەوێت خاکی کورد و دیکەی ناوچەکان بە دەوڵەتی عوسمانیەوە بلکێنێت. پێشینەی بوونی تورکەکان لەو ناوچەدا بۆ 900 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە بەڵام ئەوان بە پاوانخوازیەوە بەدوای داگیر کردنی دیکەی ناوچەکانن.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە دەشڵێتک من نازانم پارتی بە چ شێوەیێک ئەم بابەتە قبووڵ دەکات. ئەگەر تورکیا بتوانێت دەست بەسەر شەنگالدا بگرێت چاویش بە کەرکووک و مووسڵ دەبڕێت و دەست بەسەر هەموو هەرێمی کوردستاندا دەگرێت.

حسێن عومەر زیاتر وتی: ئێمە بە وردی چاودێریی ڕووداوەکان دەکەین و دۆخێکی سەخت لە پێشە کە ئایا دووبارە تورکیا لەشەنگال و دیکەی ناوچەکاندا دەست بە کوشتار دەکات یان نا. دەوڵەتی ئەردۆغان نۆزدە ساڵە خەریکی لەشکەرکێشییە و کۆتاییش بەو کارە ناهێنێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 902

Your Comment

You are replying to: .
captcha