ئه‌و کتێبه‌ی ده‌میرتاش له‌ زیندان نووسیی، وه‌رده‌گێڕدرێته‌ سه‌ر زمانی کوردی

به‌شی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر- بڕیار وایه‌ له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا کتێبه‌که‌ی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکی زیندانی کراوی پارتی دیموکراتی گه‌لان (HDP) که‌ کۆمه‌ڵه‌ چیرۆکێکه‌ و له‌ زیندان نووسراوه‌، بکرێته‌ کوردی و ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس چاپ و بڵاوی بکاته‌وه‌ .

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فه‌رهاد چۆمانی نووسه‌ر و وه‌رگێڕ که‌ کاری وه‌رگێڕانی بۆ کتێبه‌که‌ بۆ شێوه‌زاری سۆرانی کردووه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ خه‌ندانی ڕاگه‌یاند: "سه‌حه‌ر، ناوی کتێبی کۆمه‌ڵه‌ چیرۆکێکی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاشه‌ که‌ له‌ زیندان دا نووسراوه‌، کاری وه‌رگێڕانی کوردی کتێبه‌که‌ ته‌واو بووه‌ و قۆناغی بڵاوکردنه‌وه‌ی ماوه‌، چاپه‌ تورکیه‌که‌ی ئه‌م کتێبه‌ له‌ 15ی سێپتێمبێر ده‌رچووه‌."

ده‌رباره‌ی ناوه‌رۆکی چیرۆکه‌کان، وه‌رگێڕه‌که‌ وتی: "ناوه‌ڕۆکی چیرۆکه‌کان زیاتر تێمایێکی سیاسییان هه‌یه‌ و نووسه‌ر به‌ ڕه‌هه‌ندێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ کاری له‌سه‌ر کردووه‌، ئه‌م کتێبه‌ 12 چیرۆک له‌خۆ ده‌گرێت و "سه‌حه‌ر" ناونیشانی یه‌کێک له‌ چیرۆکه‌کانه‌ که‌ بۆته‌ ناونیشانی سه‌ره‌کی کتێبه‌که‌ش."

هه‌روه‌ها وتیشی: "سه‌حه‌ر چیرۆکی کاریگه‌ری کچێکه‌ که‌ چۆن له‌ ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ده‌بێته‌ قوربانی، چیرۆکه‌کانی دیکه‌ش بابه‌ت و ناوه‌ڕۆکی جۆراوجۆر له‌خۆ ده‌گرن، چه‌وسانه‌وه‌ و ژیانی مه‌ینه‌تی چینی هه‌ژار ئه‌و چینه‌ی که‌ تا ڕاده‌یێکی زۆر له‌ تورکیا چه‌وساوه‌ن."

چۆمانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش کرد که‌ یه‌کێک له‌ چیرۆکه‌کانی ناو کتێبه‌که‌ باس له‌ ژیانی ده‌میرتاش خۆی ده‌کات له‌ ناو زیندان دا له‌ زیندانی ئه‌درنه‌، "له‌ ڕێی ئه‌و چیرۆکه‌وه‌ باس له‌ خۆی و هاوڕێکه‌ی ده‌کات له‌ ناو زیندان و له‌ ڕێی چۆله‌که‌یه‌که‌وه‌ باس له‌ زیندان و چه‌وساندنه‌وه‌ی ناو زیندان و توندوتیژییه‌کانی ناوزیندان و به‌ گشتیش کۆمه‌ڵگه‌ی تورکیا و مامه‌ڵه‌ی هێزه‌کانی ئاسایش و پۆلیس و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان له‌گه‌ڵ خه‌ڵک دا ده‌کات، له‌م چیرۆکه‌دا ئه‌و واقیعه‌ی ته‌وزیف کردووه‌ هاوکات ته‌وزیفی واقیعی کۆمه‌ڵایه‌تی تورکیاشی کردووه‌."

"هاوکات له‌ چیرۆکێکی دیکه‌ که‌ سه‌ربوورده‌ی دوو منداڵه‌ باس له‌ گه‌شه‌ی ئابووری تورکیا و پێگه‌یشتنی ئابورییه‌که‌ی ده‌کات له‌ دوای کووده‌تاکه‌ی 1980، هه‌روه‌ها چیرۆکه‌کان به‌ گشتی کۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرنی تورکیا ئه‌خاته‌ به‌رباس به‌ڵام به‌ ڕه‌هه‌ند و زمانێکی ئه‌ده‌بی."

هه‌موو ئه‌و چیرۆکانه‌ له‌ زیندان نووسراون، سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش که‌ پارێزه‌ره‌کانی قسه‌یان له‌گه‌ڵ کردووه‌، ئه‌م چیرۆکانه‌ی یه‌ک یه‌ک وه‌ک نامه‌ به‌ پارێزه‌ره‌کان داوه‌ و دواتر له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌زگای چاپه‌ی تورکیاوه‌ بڕیار دراوه‌ کۆ بکرێنه‌وه‌ و بکرێنه‌ کتێب.

کتێبی "سه‌حه‌ر" له‌ تورکیا هه‌تا ئێستا 13 جار چاپ کراوه‌، له‌ ماوه‌ی که‌متر له‌ 20 رۆژدا 10 جار چاپ کراوه‌، بڕیاریش وایه‌ به‌ ڕێککه‌وتنی ده‌میرتاش و ده‌زگای چاپه‌که‌ هه‌موو داهاتی ئه‌م کتێبه‌ بخرێته‌ خزمه‌ت منداڵانی بێ سه‌رپه‌رشت و بێکه‌س له‌ تورکیا.

رۆژی چواری مانگی نۆڤێمبێری ساڵی ڕابردوو ھێزه ‌ئه‌منییه‌كانی توركیا ھه‌ر یه‌كه‌ له‌ سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکی HDP و چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی ئه‌و پارته‌یان ده‌ستگیر كرد و تا ئێستاش له‌ به‌ندیخانه‌یێكی باكووری رۆژئاوای شاری ئه‌درنه‌دا به‌ند كراون.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 9008

Your Comment

You are replying to: .
captcha